له‌ عێراق زیاتر له‌ 7 ملیۆن نه‌خوێنده‌وار هه‌یه‌

به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان له‌ كۆی 41 ملیۆن دانیشتووانی عێراق ، زیاتر له‌ 7 ملیۆن كه‌س نه‌خوێنده‌وارن، كه‌ ده‌كاته‌ چاره‌گی دانیشتووانانی ئه‌و وڵاته‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ موئه‌یه‌د عوبێدی، گوته‌بێژ به‌ناوی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی رایگه‌یاندووه‌ ، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پلانێكی داڕشتووه‌ بۆ چالاككردنی سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات و له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتووش ساڵی نوێی خوێندن له‌و ناوه‌ندانه‌دا ده‌ستپێده‌كات.

گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌ره‌وه‌رده‌ روونیشكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌وامی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ وه‌ك له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌ ساڵی 2012 ه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌،له‌رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌دا ده‌بێت،چونكه‌ بینایه‌ی تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری نییه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: ده‌وامی ئه‌مساڵی خوێندن له‌هه‌مان قوتابخانه‌كانی پێشوودا ده‌بێت و كار ناكاته‌ سه‌ر ده‌وامی خوێندنی باڵا.