له‌ پاڵه‌وانه‌كان چێڵسی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر مالمۆی سویدی تۆماركرد


یانەی چێڵسی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا سەركەوتنێكی گەورەی لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولەكە بەدەستهێناو بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی مالمۆی سویدی میوانی بردەوە.
 لە خولەكی نۆدا، ئەندریاس كریستێنسنی دانیماركی گۆڵێكی بۆ چێڵسی تۆماركرد، پاشان ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ چێڵسی هەژماركردو لە جێبەجێ‌ كردنی لێدانەكەدا، جۆرجینهۆی ئیتاڵی گۆڵی دووەمی تیپی میوانی لە خولەكی بیست ویەك بەدەستهێناو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.
 لە گێمی دووەم و سێ‌ خولەك دوای فیكەی دەستپێكی ئەم گێمە، كای هاڤێرتزی ئەڵمانی بلوزی كردە خاوەنی گۆڵی سێیەم، دواتر ناوبژیوان دووەم لێدانی سزای بۆ تیپە لەندەنیەكە هەژماركردو ئەمجارەشیان جۆرجینهۆ لێدانەكەی سەركەوتووانە جێبەجێ‌ كردو گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی تیپەكەی لە خولەكی پەنجاوحەوت بەدەستهێنا.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی چێڵسی لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپی هەشتەم بۆ شەش خاڵ بەرزبووەوەو مالمۆش بەبێ‌ هیچ خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.