بایرن میونشن سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر به‌نفیكا تۆماركرد


لە گه‌ڕی سێیه‌می گڕوپی چامپیۆنس لیگ، یانەی بایرن میونشن سەركەوتنێكی گەورەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە چوار گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی بەنفیكای میوانداری بردەوە.
 لە گێمی یەكەمدا، هەردوو یانە بێ‌ گۆڵ یەكسان بوون، لە گێمی دوووەم و لە خولەكی حەفتادا، یاریزان، لیرۆی سانێ‌ گۆڵێكی بۆ بایرن به‌ لێدانی ڕاسته‌وخۆ بەدەستهێنا، پاشان ئێڤێرتۆن سۆزای بەڕازیلی و یاریزانی بەنفیكا گۆڵی دووەمی بایرنی بە هەڵە لە گۆڵی تیپەكەی خۆی لە خولەكی هەشتا تۆماركرد.
 دوای دوو خولەكی دیكەش، ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵەندی ئەستێرەو گۆڵكاری تیپە باڤاریەكە گۆڵی سێیەمی میوانەكانی بەدەستهێنا، دواتر لیرۆی سانێ‌ گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی تیپەكەی لە خولەكی هەشتاوپێنج تۆماركرد.
 بەم ئەنجامەش بایرن میونشن سێیەم سەركەوتنی لەسەریەكی بەدەستهێناو كۆی خاڵەكانی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی پێنجەم گەیاندە نۆ خاڵ، بەنفیكاش بە چوار خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.