كۆمیسیۆن: 1400 تانه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت و گشتی دراون

 

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ئاشكرای كرد، ژماره‌ی ئه‌و تانانه‌ی كه‌ به‌ربژێره‌ ناڕازییه‌كان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت و گشتییان داوه‌ هه‌زار تێپه‌ڕیون.

جه‌لیل عه‌دنان خه‌له‌ف سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ڕایگه‌یاند: ئه‌و تانانه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌لایه‌ن به‌ربژێره‌ ناڕازییه‌كان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دراون به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بریتین له‌ 1400 تانه‌.

ڕاشیگه‌یاند: یه‌كێك له‌ قۆناغه‌ گرینگه‌كانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن سه‌یركردنی تانه‌كانه‌ دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی فه‌رمی پێشكه‌شكردنیان، له‌ ماوه‌ی 3 ڕۆژی ڕابردووشدا كۆمیسیۆن‌ ئاسانكاری ته‌واوی بۆ به‌ربژێره‌كان كردبوو‌ بۆ تۆماركردنی تانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌كانیان.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆن ڕاشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی ڕاستی هه‌ر تانه‌یه‌ك سه‌لمێنرا، ئه‌وا كۆمیسیۆن هه‌ڵده‌ستێ به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بنكه‌یه‌ی تانه‌كه‌ی لێدراوه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی 38ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ 9ی ساڵی 2020.

جه‌لیل عه‌دنان خه‌له‌ف ڕاشیگه‌یاند: به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری به‌ربژێره‌ ڕكابه‌ره‌كان سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانی بنكه‌كه‌ دووباره‌ به‌ ده‌ست ده‌ژمێردرێنه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش بڕیاری سه‌ره‌تایی قابیلی تانه‌لێدان به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری ده‌درێ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك كۆمیسیۆن له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانیان‌ له‌ تانه‌كان تا سه‌رجه‌میان ته‌واو ده‌كه‌ن.

جه‌لیل عه‌دنان خه‌له‌ف سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: كاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌رانمان له‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتیدا له‌ كورترین ماوه‌دا ته‌واو كرد‌ و بێگومان دۆسیه‌ی سه‌رپێچیكارانیش ڕه‌وانه‌ی دادگای تایبه‌مه‌ند ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر بگیرێته‌به‌ر.