وه‌زیری ناوخۆ ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش ڕاده‌گه‌یه‌نێ

 

وه‌زیری ناوخۆی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای چه‌ته‌كانی داعشی ڕاگه‌یاند كه‌ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ چه‌ندان كاری تیرۆرستی و تاوان به‌رامبه‌ر هێزه‌ ئه‌منی و هاووڵاتییانی مه‌ده‌نه‌ی عێراقی.

عوسمان غانمی وه‌زیری ناوخۆی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ده‌ستخۆشی له‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵگری و ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیتیحادی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كه‌م كه‌ توانیان به‌ له‌خۆبوردووانه‌ چاودێرییه‌كی وردی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی چه‌ته‌كانی داعش بكه‌ن و ده‌ستگیری بكه‌ن.

وه‌زیری ناوخۆ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: تاوانباره‌كه‌ ناوی (كه‌ریم عه‌بدوڵا مالح)ه‌ پۆسته‌كه‌شی له‌نێو ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش به‌رپرسی كه‌تیبه‌یه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیكراوه‌كه‌ی داعش به‌رپرس بووه‌ له‌ چه‌ندان كاری تیرۆرستی و تاوانی دژ به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دووشه‌می ڕابردوو مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ستگیركردنی گه‌وره‌ تیرۆرستێكی تری چه‌كدارانی داعشی ڕاگه‌یاندبوو ئه‌ویش غه‌زوان زه‌وبه‌عی بوو كه‌ به‌ (ئه‌بو عوبه‌یده‌ی به‌غدا) ناسراوه‌ و به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی به‌غدا بوو له‌ ساڵی 2016 كه‌ ببووه‌ هۆی كوژرانی 324 هاووڵاتی عێراقی.