دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا داخران

ھاوکات لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانی لایەنگرانی ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەروازەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی ئەمانەتی بەغدا، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە داخران.

ئەفسەرێک لە پۆلیسی بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، ئەو ھێزە ئەمنییەی کە راسپێردراوە بۆ پاراستنی ناوچەی سەوز، دەروازەکانی ناوچەکەی داخستووە و تەنھا رێگا بەو کەسانە دەدات بچنە ناو ناوچەی سەوزەوە کە ھەڵگری مۆڵەتی فەرمیین.

ئاماژەی بەوەیش دا، داخستنی دەروازەکانی ناوچەی سەوز لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندانی لایەنگرانی ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نزیک ناوچەی سەوز، بەردەوامە.

لە دوێنێ سێشەممەوە خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی ئەو لایەنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی کەمیان ھێناوە لە نزیک ناوچەی سەوز ناوەڕاستی ئەمانەتی بەغدا، ئەنجام دەدرێت.

رۆژی شەممەی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند کە ژمارەیەک لایەن بە تایبەتی ژمارەیەک لایەنی شیعە ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد.