ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی به‌غدا ده‌درێ

 

ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراق ڕایانگه‌یاند، ئه‌مشه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌نته‌ری شاری به‌غدا ڕوویداوه‌، به‌ڵام فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق هه‌وڵه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراق بڵاویان كرده‌وه‌: ئه‌مشه‌و له‌ ناوچه‌ی كه‌سره‌ له‌ سه‌نته‌ری شاری به‌غدا ماتۆڕسكیلێك ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌م 2 كه‌س برینداربوون.

لای خۆشییه‌وه‌ یه‌حیا ڕه‌سوول گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق هه‌واڵه‌كه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌ ڕووی نه‌داوه‌ به‌ڵكو ڕووداوێكی پێكدانان بووه‌.

یه‌حیا ڕه‌سوول ڕووداوه‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه‌ ڕاگه‌یاند: ماتۆڕسكیلێك خۆی به‌ عاره‌بانه‌یه‌كی فرۆشتنی له‌فه‌ كێشاوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ قلینه‌ غازی عاره‌بانه‌كه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ڕووداوه‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی باسیش ده‌كرێ كه‌ گوایه‌ دوو كه‌س برینداربوونه‌، دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌.

 

 

7001545545.jpg