له‌ مه‌نهۆڵی بانكی مه‌ركه‌زی مووسڵ پاره‌یه‌كی زۆر دۆزرایه‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌كاتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی بانكی مه‌ركه‌زی عێراق لقی مووسڵ، بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌نێو مه‌نهۆڵی باڵه‌خانه‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌.

ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی بانكی مه‌ركه‌زی عێراق لقی مووسڵ كراوه‌ و ئێستاش قۆناغی یه‌كه‌می نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه ته‌واو بووه‌.

ده‌زگاكانی ڕأگه‌یاندنی عێراق بڵاویان كرده‌وه‌: به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌هاوكاری هێزی پاراستنی ئاسمانی ‌مه‌نهۆڵی باڵه‌خانه‌كه كرایه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی زانیاری درابوو كه‌ پاره‌ی تێدایه‌، دوای چوونه‌ژووره‌وه‌ و پشكنینه‌كان چه‌ندان كیسه‌ پاره‌ی عێراقی له‌ مه‌نهۆڵه‌كه‌ ده‌رهێنران.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له‌ مه‌نهۆڵه‌كه‌دا له‌نێو ئاو و پیسایی مابووه‌وه، به‌ته‌واوی پاره‌كه‌ ته‌ڕ و ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابوون. ‌  ‌

ئه‌و لیژنه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كه‌ ئه‌ركی ده‌رهێنانی پاره‌كانیان له‌ئه‌ستۆ بوو، سه‌رجه‌م بڕه‌ پاره‌كانیان ڕه‌وانه‌ی لقی سه‌ره‌كی بانكی مه‌ركه‌زی عێراقی كرده‌وه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی بڕی پاره‌كه‌ هیچ زانیارییه‌كی نه‌خسته‌ڕوو.