سعوودیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییانی ده‌كات سەردانی لوبنان نەکەن

به‌هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرژییه‌كان لە لوبنان، سعوودیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییانی ده‌كات سەردانی لوبنان نەکەن و هۆشداریشی داوه‌ به‌و هاووڵاتییه‌ سعوودییانه‌ی له‌ لوبنان ده‌ژین.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر به‌هۆی كێشه‌ ئه‌منییه‌كانی لوبنانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ناوی هۆشداری بڵاو كرده‌وه‌.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیە هۆشداری داوه‌ به‌ هاووڵاتییانی سعوودیە له‌ لوبنان له‌ پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تییاندا له‌و شوێنانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ قه‌ره‌باڵغن و داوای له‌ هاووڵاتییانیشی كردووه‌ سەردانی لوبنان نەکەن.

لایه‌نگرانی حزبوڵڵا و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل به‌مه‌به‌ستی داواكردنی لادانی دادوه‌ر تاریق بیتار كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ساڵی رابردووی به‌نده‌ری به‌یروت ده‌كات و هێنانی دادوه‌رێكی دیكه‌ بۆ جێگای ئه‌و، ١٤ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ره‌و كۆشكی داد لە به‌یروت رێیان پێوا.
له‌ میانی رێپێوانه‌كه‌دا له‌ كاتێكدا خۆپیشانده‌ران گه‌یشتبوونه‌‌ ناوچه‌ی ته‌ییونە له‌ سه‌ربانی ژماره‌یه‌ك باڵه‌خانه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێ كرا‌.

له‌ ئاكامدا حه‌وت خۆپیشانده‌ر كوژران و 31 كه‌سیش برینداربوون‌.