بۆ خێراتركردنی پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با.. چەند بڕیارێك ده‌ركرا

وه‌زیری كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خێرا به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك، چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌كرد.

كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا ئەمڕۆ دووشەم لە میانەی بەسەركردنەوەی پرۆژە و كارەكانی خزمەتگوزاریی كارەبا لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەگەڵ ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرانی كارەبا لە سێكتەرەكانی (دابەشكردن و گواستنەوە و كۆنترۆڵ و پۆلیسی كارەبا و لێژنەی باڵای پێوەری زیرەك و نوێنەرانی كۆمپانیای  TLجێبەجێكاریی پرۆژەكە) كۆبووەوە.


لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای دهۆك ئامادەیبوون، وێڕای باسكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە كارەبا لە پارێزگاكە و چۆنیەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا بۆ هاووڵاتییان، وەزیری كارەبا لە نزیكەوە گوێبستی بەڕێوەچوونی كارەكانی پرۆژەی پێوەری زیرەك بوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك خێراتر بكرێت بۆ ئەوەی بۆ زستانی ئەمساڵ سەرپێچییەكان و زیادبەفیڕۆچوونی كارەبا كەم بكرێتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانە درا:

1-  لە كاتی لەكاركەوتنی پێوەری زیرەك كۆمپانیای جێبەجێكار پێوەرەكە بۆ هاوبەشەكە ناگۆڕێت، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی كارەبا پێوەرەكە بگۆڕێت.
2-  بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا دەسەڵاتیان پێ درا لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار پێكەوە پێوەر ببەستن.
3-  لەپێناو كەمكردنەوەی كاتی كاركردن بڕیاردرا لێژنەی سەرپەرشتیاریی پرۆژەكە و لێژنەی رادەستكردنی كار ببنە یەك لێژنە.
4-  پلانی هەڵگرتنی رۆتین لە پرۆژەكەدا دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەكرێت.
5-  هەر پێوەرێك لەكار بكەوێت چاكبكرێتەوە و هۆكاری تێكچوونەكەشی دیاری بكرێت.
6-  هاندان و پاڵپشتی تەواویی ئەو كارمەند و فەرمانبەرانە بكرێت كە بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە كارەكانیان بەڕێوە دەبەن، بە پێچەوانەوە كەسی كەمتەرخەم سزا بدرێت.
7-  هەر 7 رۆژ یان 10 رۆژ ڕاپۆرتێكی تایبەت لەسەر چۆنیەتی ئیشكردن و بەڕێوەچوونی پرۆژەكە بخرێتەڕوو.