كۆمیسیۆن: ژماره‌ی ئه‌و تانانه‌ی تا ئێستا پێشكه‌ش كراون 1000 تێپه‌ڕیوه‌

 

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئاشكرای كرد، تا ئێستا ئه‌و تانانه‌ی له‌لایه‌ن به‌ربژێره‌كان پێشكه‌ش كراون هه‌زاریان تێپه‌ڕاندووه‌.

عیماد جه‌میل ئه‌ندامی تیمی ڕاگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئاژانسی ده‌نگوباسی عێراق (واع) ڕایگه‌یاند: پێشكه‌شكردنی تانه‌كان له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ماوه‌ی 3 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، واته‌ سبه‌ی سێشه‌م كۆتایی دێت.

ڕاشیگه‌یاند: دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی وه‌رگرتنی تانه‌كان، ڕۆڵی ده‌سته‌ی دادوه‌ری دێت بۆ سه‌یركردنی تانه‌كان، بێگومان بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی دادوه‌ریش سیفه‌تی مولزه‌میان له‌سه‌ر كۆمیسیۆن هه‌یه‌.

عیماد جه‌میل جه‌ختیشی كرده‌وه‌ وه‌ك كۆمیسیۆن ئاماده‌ن دووباره‌ ژماردنی ده‌ستی بۆ هه‌ر سندووقێك بكه‌نه‌وه‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تانه‌یان پێشكه‌ش كردووه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی تیمی ڕاگه‌یاندنی كۆمیسیۆن هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌رجه‌م دۆڕاوه‌كانی هه‌ڵبژاردن تانه‌یان پێشكه‌ش كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و تانانه‌ی كه‌‌ تا ئێستا پێشكه‌ش كراون ژماره‌یان له‌ 1000 تێپه‌ڕیوه‌.

له‌ كۆتاییدا ڕایگه‌یاند: ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ كۆمیسیۆن له‌ ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگه‌یاندووه‌ به‌راورد ده‌كرێن له‌گه‌ڵ ئه‌و ژمارانه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ وێستگه‌ و بنكه‌كان له‌ دوای كۆتاهاتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستگه‌یشتوون، ئه‌گه‌ر ژماره‌كان وه‌ك یه‌ك بوون تانه‌كان ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زیاد یان كه‌م بوو ئه‌وا كۆمیسیۆن دووباره‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا ده‌كاته‌وه‌.

عیماد جه‌میل ئه‌ندانی تیمی ڕاگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوێنێ یه‌كشه‌م هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندبوو: ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی په‌سه‌ندكراوی كۆتایی هه‌ڵبژارده‌كان له‌ دوای 20 ڕۆژی تر ڕاده‌گه‌یه‌نرێ.

راشیگه‌یاندبوو: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌رگرتنی تانه‌كان بۆ ماوه‌ی 3 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بن، دواتریش بۆ‌ ماوه‌ی 7 ڕۆژ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران سه‌یری تانه‌كان ده‌كرێ، دواتریش ده‌سته‌ی دادوه‌ری له‌ ماوه‌ی 10 ڕۆژدا دووباره‌ سه‌یری تانه‌كان ده‌كاته‌وه‌، دوای ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێ و ناوی ئه‌و 329 ئه‌ندامه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێ كه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانن و ده‌بنه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له‌ كۆتاییشدا بڕیاره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی دادگای ئیتیحادی ده‌كرێ بۆ دانپێدانان.