دهۆك.. گه‌نجێك ده‌ستگیركراوه‌ خۆی كردۆته‌ كچ و فێڵی له‌ كوڕان كردووه‌

پۆلیسی دهۆک تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات بەهۆی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆی کردۆتە کچ و قسەی لەگەڵ کوڕان کردووە و کارتی مۆبایلی لێ وەرگرتوون.

ئەمڕۆ یەکشەم پۆلیسی دهۆک لە بڵاوکراوەیەکی ڤیدیۆییدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل لە قەزای سیمێڵ ڕادەگەیەنێت کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆی کردۆتە کچ و لەگەڵ کوڕان قسەی کردووە و کارتی مۆبایلی لێ وەرگرتوون.

لە بڵاوکراوە ڤیدیۆییەکەدا تۆمەتبارەکە قسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات كه‌ تەمەنی 30 ساڵە و چۆنییەتی شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکەی باس دەکات و دەڵێت "لە ڕێگەی تیکتۆکەوە خۆم لە کچان نزیک دەکردەوە و پاشان سناپەکەم لێیان وەردەگرت، دوای ئەوە لە فەیسبووک بە ئەکاونتی کچانەوە قسەم لەگەڵ کوڕان دەکرد و ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەم بۆ دەناردن کە لەو کچانەم وەرگرتبوو، لەبەرامبەردا کارتی مۆبایلم لێ وەردەگرتن."

هەروەها تۆمەتبار لە ڤیدیۆکەدا پەشیمانی خۆی دەردەبڕێت و داواش له‌و كه‌سانه‌ دەکات ئەم جۆرە کارانە نه‌كه‌ن و دوورکەونەوە.