تووشبوونی كۆڕۆنا له‌ شارێكی هه‌رێم به‌رز بۆته‌وه‌.. بڕیاری به‌په‌له‌ ده‌ركرا

به‌ مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین چه‌ند بڕیارێكی به‌ په‌له‌ی ده‌ركرد.

پۆلیسی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ڕایگه‌یاند‌: تادێ ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرز دەبێتەوە، هاوکات لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین هیچ شوێێک نەماوە بۆ داخڵکردنی تووشبووی تازە لە نەخۆشخانە و سەنتەره‌كانی کۆڕۆنا.

به‌ مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆڕۆنا له‌ ڕاپه‌ڕین چه‌ند بڕیارێكی به‌په‌له‌
دەرکران كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:-

1ـ سەردانیکردنی نەخۆش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
2ـ نەخۆش تەنها یەک هاوەڵی لەگەڵ دەبێت و ڕێگە تەنها بە یەک کەس دەدرێت بۆ داخڵبوون لەگەڵ نەخۆش لەناو نەخۆشخانە.
3ـ پێویستە هەموو ئەوانەی داخڵی ناو ناوەندە تەندروستییەکان دەبن، پابەندی بەکارهێنانی پێداویستییە خۆپارێزییەکان بن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها داوا لە هاووڵاتییانی دەکات پابەندی بڕیاڕەکان بن و هاوکاری کارمەندانی پۆلیس بن لە نەخۆشخانەکان.
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ داوای ئه‌وان بۆ پاراستنی گیانی هەموو لایەکە بۆ خۆ بە دورگرتن لەو ڤایرۆسەی بۆتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی