بە بڕیاری پارێزگای هەولێر ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی غاز لە گەڕەکەکان ده‌كرێت

نرخی هه‌ر بتڵێك هه‌شت هه‌زار و پێنج سه‌د دیناره‌

 له‌ راگه‌یاندراوێكدا، پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند: بە بڕیاری  پارێزگای هەولێر ده‌ست به‌دابه‌شكردنی غاز به‌سه‌ر گه‌ره‌كه‌كانی هه‌ولێر ده‌كرێت.

پارێزگای هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌: ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17 ی 10 ی 2021، سەرجەم بریكارەكانی غاز لەگەراجی قایمقامییەت كۆكرانه‌وه‌ و هەریەكەیان پۆلیسێكی شارەوانی لەگەڵ بووه‌  بۆ دابەشكردنی غاز  له‌گه‌ره‌كه‌كان تا قۆرخكاری لەنرخ نەكرێت.
 راشیده‌گه‌یه‌نن: له‌ ئێستادا دابەشكردنی غاز لە هەولێر ئاساییە بۆ ھەر بوتڵێكی غاز بە هەشت هەزار و 500 دینارە، بۆ نەهێشتنی گرفتی كەمیی غاز ، بۆ هەر خێزانیك بوتلێك غازی پێ دەدرێت.
دوێنێ‌  ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هیچ تەنگژەیەكی غازمان نییە و ئێستا كۆمپانیای بەرهەمهێنەر سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی چەند شوێنێكە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك غاز گران نابێت و وەك خۆی دەمێنێتەوە.
راشیگه‌یاند: ڕۆژانە پێویستمان بە 16 تانكەر غاز هەیە، داوامان كردووە بەرز بكرێتەوە بۆ 20 تانكەر و دوو هەفتەی داهاتووش كێشەی غاز چارەسەر دەبێت، بەهیچ شێوەیەك تەنگژە لە كەمیی غاز نییە،چەند بریكارێكی غاز سزا دراون كە نرخیان بەرز كردبووەوە، بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخیش لە ئەمڕۆوە هەر بریكارێكی فرۆشتنی غاز، پۆلیسێكی لەگەڵ دەبێت.بۆرێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی غاز، هەموو ئەو بریكارانەی غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكەن، لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی قایمقامیەت دەبن.
بەرزبوونەوەی نرخی غاز بەهۆی نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە كارەكانی كۆمپانیای ساوس كوردستان دەگەڕێتەوە، ئێستا پەرە بەكارەكانی دەدات و ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی كەم كردووەتەوە.


داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز