داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەفغانستان راگەیاند

رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لەو پەلامارە تیرۆریستییە راگەیاند کە دوێنێ لە ویلایەتی قەندەهار-ی ئەفغانستان کرایە سەر مزگەوتی فاتمییە کە تایبەت بوو بە شیعەکانی ئەو وڵاتە.

لەو بارەیەشەوە رێکخراوەکە لە هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە تەقینەوەکە لەلایەن دوو خۆکوژی سەر بە رێکخراوەکەوە ئەنجامدراوە و ناوی خۆکوژەکانیشی بڵاوکردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەفغانستان، ئەوەیان خستوەتەڕوو کە لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی دوێنێی مزگەوتی فاتمییە-دا 47 کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئیدانەی پەلامارەکەی کردووە و ئەوەشی خستوەتەڕوو کە هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەرچی زووترە ئەنجامدەرانی پەلامارەکە بدۆزرێنەوە.

پێشتریش لە هەشتی تشرینی یەکەمدا پەلامارێکی تیرۆریستی بۆسەر مزگەوتێکی شیعەکان لە ویلایەتی قەندوز ئەنجامدرابوو، رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەم تەقینەوەیەش راگەیاندبوو.