حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ توندی وه‌ڵامی حه‌یده‌ر عه‌بادی و هاوپه‌یمانی نه‌سڕ ده‌داته‌وه‌

 

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕ به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 و هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تری كوردستان.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، هاوپەیمانیی نه‌سڕ له‌ ڕاگه‌یانراوێكدا ئەو بڕیارانە بە بیر دەهێنێتەوە کە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە لووتبەرزییەوە دژ بە چه‌مكه‌كانی دیموكراتی و هاوبه‌شی دەری کردبوون، ئەمەش بۆ شاردنه‌وه‌ و داپۆشینی شكسته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانیه‌تی كه‌ دواهه‌مینیان ئه‌و شكسته‌ بوو کە له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تووشی ھات.

جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: گه‌لی عێراق ڕاستییەکانی بۆ ڕوون بووەوە و هه‌ڵبژارده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێكا و ئەوەی سەلماند کە ئەو سیاسه‌تە سه‌ركه‌شانه‌یە زۆر ناخایەنێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵ و خواسته‌ سه‌ركوتكارانه‌كه‌ی شكست پێهێنا و ره‌واندییه‌وه‌، مێژوو به‌ درێژاییی سه‌رده‌مه‌كان ڕاستیی شكستهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ بۆ تێکدانی یه‌كڕیزیی عێراق و لەپێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و هه‌نووکەیی گیراونه‌ته‌ به‌ر.

ڕاشیگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خواستی بونیاتنانی ئایینده‌یه‌كی ڕۆشن و سه‌قامگیری هەیە كه‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مەزهەبییەکان به‌ ئاسووده‌یی له‌ خۆی بگرێت، هه‌روه‌ها حکوومەتی هەرێم تاكڕه‌وی و دەستبەسەرداگرتن و سیاسه‌تی ملکەچکردن لەژێر ناونیشانی زه‌ق و بریقەدار-كه‌ تەنانەت خاوەن بەیانەکەش باوه‌ڕی پێ نییه‌- ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: عێراقی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستیی به‌ سیاسه‌تێكی عه‌قڵانی و حەکیمانەیە كه‌ له‌ خۆسه‌پاندن و لایه‌نگیری و زێده‌ڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز بە دوور بێت و ڕێگری لە دەرکەوتنی خواستی دەمارگیرانە بکات.

جێی باسه‌ ئه‌مڕۆ شه‌موو هاوپه‌یمانی نه‌سڕ به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا باسی له‌ ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر و گۆڕینی پارێزگاری كه‌ركووك و كه‌مكردنه‌وه‌ی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو.