بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: 3 تونێلی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بوون

پلانی دروستکردنی ژمارەیەک تونێلی دیكه‌ش هه‌یه‌

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  رایگه‌یاند، لە ھەرێمی کوردستان پلان ھەیە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک تونێل و تا ئێستا سێ لەوانە تەواو بوون و بەشێکی دیکەش لە پلاندایە بۆ ئەوەی دروست بکرێن، لەوانە تونێلی کۆڕەک کە تونێلێکی زۆر گەورەیە.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: پلانێکی درێژخایەنمان ھەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک تونێل لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت و تا ئێستا ئەوەی پیرمام تەواو بووە و ئەزمەڕ و زاخۆش تەواو بوون و ھاتوچۆیان تێدا دەکرێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا ده‌شڵێت: لە پلاندایە ژمارەیەک تونێل بە درێژایی 26.2 کم لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دروست بکرێت، کە چەندین تونێلە، لەوانە تونێلی کۆڕەک کە درێژایییەکەی 7 کم دەبێت و چاوەڕێی بودجە دەکەین، چونکە ھەمووی تونێلەکان بە ترلیۆن دیناری دەوێت، بەڵام ئەوەی کۆڕەک زیاتر لە 100 ملیار دیناری پێویستە، چونکە یەکێک لە تونێلە گەورەکانە.