هێزێكی زۆر له‌ به‌غدا بڵاوه‌ی پێ كراوه‌.. بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕابگه‌یه‌نرێ

 

ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مشه‌و شه‌موو كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕابگه‌یه‌نێ، بۆ ئه‌مه‌ش هێزێكی زۆری ئه‌منی له‌ سه‌نته‌ری شاری به‌غدای پایه‌ته‌خت بڵاوه‌یان پێ كراوه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بڵاویان كردۆته‌وه‌، ئه‌مشه‌و كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نێ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌موو ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی سندووقه‌كان له‌ كۆگاكانی هه‌ڵبژاردن له‌ شاری به‌غدا كۆتاییان هات.

ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق بڵاویان كردۆته‌وه‌: بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سه‌نته‌ری شاری به‌غدا و شوێنه‌كانی نزیك ناوچه‌ی سه‌وز كه‌ باره‌گاكانی حكوومه‌تی لێیه‌، هۆكاره‌كه‌ی وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و بێته‌ ڕاگه‌یاندن.

پێشتر موهه‌نه‌د ئه‌نساڕی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژارده‌كان ڕایگه‌یاند: كاره‌كانی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی هه‌موو ئه‌و سندووقانه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ هێڵ و شریتیان له‌سه‌ر بوو ته‌واوبوون، كاره‌كانیش به‌ چاودێری چاودێرانی سیاسی و نوێنه‌ری به‌ربژێره‌كان ئه‌نجامدرا.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: زۆربه‌ی ئه‌و سندووقانه‌ی كه‌ به‌ده‌ست هه‌ژماركرانه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی هاوشێوه‌ بوون له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی به‌رایی و ناردنی ئه‌لیكترۆنی و میمۆری سه‌ر ئامێره‌كان.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌موو دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ دوایین ئه‌و سندووقانه‌ كرا كه‌ نێردرابوون و دوای ناردنی ئه‌نجامه‌كانیش بۆ ناوه‌ندی داتاكان ده‌ركه‌وت ئه‌نجامه‌كانیان هاوشێوه‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ بوون كه‌ ئامێری QR ناردبوونی كه‌ پاسوۆردی تایبه‌تی په‌ڕی ده‌نگدانی له‌سه‌ربووه‌.