چاودێرێكی سیاسی : پارتی خاوەنی سەرکردایەتییەکی حەکیمانەو یەکگرتوو و پر ئەزموونە

دکتۆر یاسین مەحمود چۆمانی، چاودێری سیاسی تایبەت به‌ کوردستان تی ڤی رایگه‌یاند : پارتی خاوەنی سەرکردایەتییەکی حەکیمانەو یەکگرتوو و پر ئەزموونە، بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە گەل هەمیشە لە هەڵبژاردنەکان متمانەی زیاتر بە کاندیدەکانی پارتی دەکەن و هەڵیاندەبژێرن.

ئەو چاودێرە سیاسیە گوتی: هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق جیاواز بوو لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، چونکە سیستەمی ئەم جارەی هەڵبژاردن زۆر جیاواز بوو لە سیستەمی رابردوو، ئەم سیستەمە سرووشتەکەی وایە کە زیاتر لە بەرژەوەندی پارتە گەورەو منەزەم و بە دیسپلینەکانە، چونکە حزب دەبێت لەو سیستەمە هەوڵی هاوسەنگی بدات لە دەنگی کاندیدەکانی کە ئەمەش تەنها بە حیزبێک دەکرێت کە خاوەنی قاعیدەیەکی جەماوەری مولتەزیم بێت، پارتی دێموکراتی کوردستان یەک لەو حزبانەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو بارودۆخێکی سیاسی و سیستەمێکی هەڵبژاردنی جیاواز بگونجێنێت، بۆیە ئەگەر سەیری پرۆسەکانی هەڵبژاردنی رابردوو بکەین نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە هەموو عێراق پارتی تاکە حیزبە هیچ بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنی و ئابوری یان گۆرانکاری سیستەمی هەڵبژاردن کاریگەری نەرێنی لەسەر دروست کردبێت.

دکتۆر یاسین گوتیشی: ئەمە سەرەرای ئەوەی پارتی خاوەن ئامانج و روئیایەکی روونە و هەمیشە بەرژەوەندی گەل و کوردستان دەخاتە پێشەوەی هەموو بەرژەوەندیەکانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی خاوەنی سەرکردایەتیەکی حەکیمانەو یەکگرتوو و پر ئەزموونە، بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە گەل هەمیشە لە هەڵبژاردنەکان متمانەی زیاتر بە کاندیدەکانی پارتی دەکەن و هەڵیاندەبژێرن، ئەگەر دوور نەرۆین و تەنها خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق سەیر بکەین بۆمان روون دەبێتەوە تەنها ئەو پەرلەمانتارانەی خاوەن قسەو مەوقیفی کوردانەی خۆیان بون و خۆیان نەدۆراندو نە گۆڕاندو نەفرۆشت پەرلەمانتارانی پارتی بوون، بۆیە ئەم هۆکارانە رۆلی سەرەکیان هەیە لە بە پێشەنگ هێشتنەوەی پارتی لە هوموو قۆناغ و بارودۆخێکدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیداچۆمانی گوتی : پارتی حیزبێکە خاوەن نەزعەیەکی قەومی کوردستانیانەیە، هەمیشە کادرو ئەندامانی لە سەر بنەمای دڵسۆزی و بە پەرۆشی بۆ گەل و خاکەکەی پەروەردە دەکات، پارتی راستگۆیە بەرامبەر گەلەکەی و لەم پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە، دوور نەرۆین و بگەرێینەوە بۆ رۆژانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، ناحەزانی کورد و پارتی پێیان وابوو کە پارتی بۆ چەند بەرژەوەندیەکی تایبەت دەیەوێ کارتی ریفراندۆم بوروژێنێت ئەگینا هەرگیز پارتی ریفراندۆم ئەنجامنادات، بەڵام دواتر دەرکەوت پارتی نەکەوتە ژێر کاریگەری هەرەشەی هیچ هێزێکی دەولی و هەرێمی و ناوخۆیی و بۆ سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەت و پاراستنی ئیرادەو شکۆی گەل رووبەروی هەموو جیهان بویەوەو ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا. بە پێچەوانەی پارتی خەڵکانێک لە سەرەوە لەگەڵ پارتی بەرنامەی ریفراندۆمیان دادەڕشت و لە ژێرەوەش لەگەڵ دوژمنانی کوردستان خەریکی پیلانی سەرنەکەوتنی ریفراندۆم بوون. بەڵام لە کۆتاییەکەیدا لە هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی عێراق و کوردستان کە چەند مانگێک دوای روداوەکانی دوای ریفراندۆم ئەنجامدران بینیمان کە گەل چۆن سزای ئەوانەیدا کە دژی بەرژەوەندیەکانی گەل وەستانەوەو چۆن پاداشتی دڵسۆزی و راستگۆیی پارتی دایەوە. ئەم پەروەردەیە دروستەی پارتی بۆ ئەندام و لایه‌نگرانی وای کردووە کە پارتی بەدێژایی 75 ساڵ تەمەنی بە هێزی بمێنێتەوە.

ئا/ فەرمان عەلی