هۆكاری مردنی ئه‌و كاندیده‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستهێنابوو

ئینسام مانوئێل ئه‌سكه‌نده‌ر‌ ناوی ئه‌و كاندیده‌ ئافره‌ته‌ مه‌سیحییه‌یه‌ كه‌ وه‌ك سه‌ربه‌خۆ خۆی به‌ربژێر كردبوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو.

ئینسام له‌ شاری به‌غدا خۆی كاندید كردبوو و توانیبووی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان 2397 ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێ، به‌مه‌ش كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوو ڕۆژ به‌ر له‌ ئێستا وه‌ك كۆتا به‌ براوه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری كردبوو.

چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م كاندیده‌ دوای مردنی له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنابوو و وه‌ك یه‌كێك له‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن باسی لێوه‌ كرابوو.

كه‌سێكی‌ نزیك له‌ ئینسام هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی ناوبراوه‌وه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (فه‌یسبووك) په‌یامێكی بڵاوی كردۆته‌وه و تێیدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت‌: سه‌ره‌تا داوا له‌ هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌ین دوعای خێر و لێخۆشبوون و به‌زه‌یی له‌ خوای گه‌وره‌ بۆ ئینسام بكه‌ن.  

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئینسام به‌ربژێری سه‌ربه‌خۆی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق بوو، به‌ڵام به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ببوو و دوای مانه‌وه‌شی له‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ ماوه‌ی 35 ڕۆژ گیانی له‌ده‌ستدابوو.

جێی باسه‌ دوو ڕۆژ به‌ر له‌ ئێستا كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ركه‌وتنی ئینسامی وه‌ك به‌ربژێری كۆتای مه‌سیحی ڕاگه‌یاندبوو به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 2397 ده‌نگ، له‌ كاتێكدا ئه‌م ئافره‌ته‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا گیانی له‌ده‌ستدابوو.