كوێت رێگه‌ به ‌ئافره‌تان ده‌دات بێنه‌ ناو سوپاوه‌

ده‌وڵه‌تى كوێت ئه‌مڕۆ سێشه‌م‌ ڕایگه‌یاند كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا ڕێگه‌ به ‌ئافره‌تان ده‌درێ په‌یوه‌ندى به ‌سوپاوه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ ته‌نیا پسپۆڕییه‌كانیان مه‌ده‌نى بووه‌.

شێخ حه‌مه‌د ئه‌لعلى سه‌باح وه‌زیرى سوپاى كوێتى له‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ (تویته‌ر) نووسیوویه‌تى "ئه‌مڕۆ سێشه‌م‌ بڕیارێك سه‌باره‌ى به ‌كردنه‌وه‌ى ناو تۆماركردنى ئافره‌تانى كوێتى ده‌ركرا تا په‌یوه‌ندى به ‌خزمه‌تى سه‌ربازییه‌وه‌ بكه‌ن وه‌ك ئه‌فسه‌رى پسپۆڕ، ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ بوارى خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌  پشتگیرییه‌كانى سه‌ربازییه‌."

كوێت ‌جیا له‌گه‌ڵ وڵا‌تانى دیكه‌ى ناوچه‌كه‌، ژیانێكى سیاسیى چالاكى تێدایه‌ و په‌رله‌مانه‌كه‌ى به‌ناوى "ئه‌نجوومه‌نى نه‌ته‌وه‌"یه‌ كه‌ ئه‌ندامه‌كانى بۆ ماوه‌ى 4 ساڵ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانى فراوانیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكجار گفتوگۆى گه‌رموگۆڕى تێدا دێته ‌كایه‌وه‌.

هاوكات كوێت یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تى كه‌نداوى عه‌ره‌بییه‌ له ‌ساڵى (1962)ه‌وه‌ سیسته‌مێكى په‌رله‌مانى هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئافره‌تانیش له ‌ساڵى (2005)ه‌وه‌ مافى ده‌نگدان و كاندیدبوونى پێدراوه‌‌.