ئه‌مریكا 15 فڕۆكه‌ی F-15ی ره‌وانه‌ی یۆنان كرد

ئه‌مریكا له‌ژێر ناوی مانۆڕی سه‌ربازییدا، 15 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی له‌ جۆری F-15ی ره‌وانه‌ی یۆنان كرد.

هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مانۆڕی "Castle Forge" كه‌ فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌ورووپا و ئه‌فریقا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، 15 فڕۆكه‌ی F-15یان بردووه‌ته‌ یۆنان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ بۆ ئه‌م مانۆڕه‌ له‌ پاڵ ئه‌و فڕۆكانه‌دا، مه‌شق و راهێنان به‌ زۆرێك له‌ فه‌رمانده‌ییه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌ورووپا ده‌كرێت به‌ جۆرێك كه‌ هێزه‌كان بتوانن به‌خێرایی بڵاوببنه‌وه‌ و توانا و پشتیوانی له‌و شوێنانه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن كه‌ خاوه‌نی ئاستی جیاوازن، به‌مشێوه‌یه‌ش هێزه‌ ئاسمانییه‌كان ده‌توانن هه‌میشه‌ له‌ ئاماده‌باشیدابن بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك.

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌م مانۆڕه‌دا جگه‌ له‌ ئه‌مریكا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی رۆمانیا، بولگاریا، یۆنان و كه‌نه‌دا به‌شدار ده‌بن.

لای خۆشیه‌وه‌ سوپای یۆنان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ هۆكاری هاتنی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان ته‌نها به‌شداریكردن له‌ مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا نییه‌ و هۆكاری دیكه‌شیان هه‌یه‌.

سوپا سالاری یۆنان-یش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ فڕۆكه‌كانی F-15 له‌گه‌ڵ سوپای یۆنان مه‌شق ده‌كه‌ن.