له‌ پاڵاوتنه‌كان كڕواتیا و سلۆڤاكیا یه‌كسانبوون


له‌ پاڵاوتنه‌كانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا بۆ گه‌یشتن به‌ كۆتاییه‌كانی مۆندیالی دووهه‌زاروبیستودووی قه‌ته‌رو له‌ گڕوپی هه‌شته‌مدا، هه‌ڵبژارده‌ی كڕواتیا میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی سلۆڤاكیای كردو یاریه‌كه‌ش له‌ زه‌گربی پایته‌ختی كڕواتیا به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ به‌ دوو گۆڵ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان یه‌كسان بوون.
 له‌ خوله‌كی بیستدا، یاریزان ئیڤان سیكرانز گۆڵێكی بۆ سلۆڤاكیا تۆماركرد، دوای پێنج خوله‌كی دیكه‌ش، یاریزان ئه‌ندریچ كراماریچ گۆڵی به‌رامبه‌ری كڕواتیای به‌ده‌ستهێنا، پاشان یاریزان لوكاس هاراسلین گۆڵی دووه‌می سلۆڤاكیای له‌ خوله‌كی چل وپێنج تۆماركردو گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه‌ به‌ پێشكه‌وتنی سلۆڤاكیا ته‌واوبوو.
 له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كی حه‌فتاویه‌كدا، لوكا مۆدریچی ئه‌ستێره‌ی كڕواتیا گۆڵی دووه‌م و به‌رامبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
 به‌م ئه‌نجامه‌ش كۆی خاڵه‌كانی كڕواتیا له‌ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپی هه‌شته‌م بۆ حه‌ڤده‌ خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و ژماره‌ی خاڵه‌كانی سلۆڤاكیاش له‌ پله‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه‌ گه‌یشته‌ ده‌ خاڵ .