کابینەی نوێی حكوومه‌تی تونس پێكهێنرا


- نەجلا بودین رەمەزان یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئافرەته‌ لە تونس و جیهانی عه‌ره‌بیدا.

نەجلا بودین رەمەزان کە راسپێردرابوو بۆ پێکهێنانی حکوومەت له‌ تونس، کابینەی نوێی حكوومه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ له‌ 23 وەزیر پێكهاتووه‌.

نەجلا بودین رەمەزان و کابینەکەی لە رێوڕه‌سمێكدا لە سەرۆکایەتی کۆمار سوێندی یاساییان خوارد و ده‌ست به‌كاربوون.

سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید دوای ئه‌وه‌ی لە 25ی تەمووزدا به‌ كۆمه‌ڵه‌ بڕیارێكی نائاسایی په‌رله‌مانی هه‌ڵپه‌سارد و سەرۆکوەزیرانی لە دەسەڵات دوورخسته‌وه‌، دوای دوو مانگ له‌و بڕیارانه‌ی له‌ 28ی ئه‌یلوولدا، نەجلا بودین رەمەزان-ی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

نەجلا بودین رەمەزان كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كه‌سێكی ئه‌كادمیسته‌، توانی ببێته‌ یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئافرەت لە تونس و جیهانی عه‌ره‌بیدا.

- نەجلا بودین رەمەزان کێیە؟

سه‌رۆكوه‌زیرانی تونس، نەجلا بودین رەمەزان لە ساڵی 1958دا لە ویلایەتی قەیرەوان ناوەڕاستی تونس لە دایکبووە و پسپۆرە لە زانستی جیۆلۆجیا و مامۆستایە لە قوتابخانەی نیشتمانیی ئەندازیاریی لە تونس پایتەخت.

نەجلا بودین رەمەزان زۆر ئەرکی راپەڕاندووە، دوایین ئەرکیشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بووە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بانکی جیهانیی.