12 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا داوای توندوتوڵکردنی سنوورەکان له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ دەکەن


 لە نامەیکدا وەزیرانی 12 وڵاتی یەکێتی ئەورووپا دوایان کردووە لەرێی "بەربەستی فیزیکی"یەوە سنوورەکانی یەکێتییەکە دژ بە هاتنی کۆچبەران، بەهێز بکرێن.

12 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، نامەیەکی هاوبەشیان ئاراستەی کۆمسیۆنی یەکێتییەکە کردوە و دوایان کردوە لەرێی "بەربەستی فیزیکی"یەوە سنوورەکانی یەکێتی ئەورووپا دژ بە هاتنی کۆچبەران، بەهێز بکرێن.

وەزیرانی ناوخۆ و یان کۆچ و کۆچبەرانی وڵاتانی یۆنان، نەمسا، هەنگاریا، بوڵگاریا، چیک، دانیمارک، ئەستۆنیا، لیتوانیا، لاتیڤیا، کۆماری قوبڕسی یۆنانی، سلۆڤاکیا و پۆڵندا، نامەیەکی هاوبەشیان ئاڕاستەی یاریدەدەری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، مارگاریتیتس شیناس و ئەندامی بەرپرس لە کاروباری ناوخۆیی کۆمسیۆنەکە ئیلڤا یۆهانسۆن کردوە.

ماڵپەڕی "Politico" ئەم نامەیەی بڵاوکردوەتەوە، هەریەکە لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا کە زۆرترین پەنابەریان گرتوەتەخۆ، واژۆیان لەسەر نامەکە نەکردووە.

هەرچەندە بەشێک لە راگەیاندنەکانی ئەورووپا، باس لەوە دەکەن کە لە نامەکەدا باس لە ناردنەوەی پەنابەران نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی هەواڵەکەی "Politico" بەشێک لە سیاسەتمەداران پێیان وایە مەبەست لە دەستەواژەی "رێکخستنەوەی چوارچێوە یاساییەکانی یەکێتی ئەورووپا" کە لە نامەکەدا داوا کراوە، هەمان "بەزۆر ناردنەوەی کۆچبەران"ە.

لە نامەکەی وەزیرانی ئەو 12 وڵاتەی یەکێتی ئەورووپا-دا، باس لەوە کراوە کە دەزگاکانی چاودێری سنوور، نەیانتوانیوە رێگری لە هاتنی نایاسایی کۆچبەران بۆ ئەورووپا بگرن، هەربۆیە پێویستە یەکەکانی چاودێری سنووری یەکێتی ئەورووپا، بەهێزتر بکرێن.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە لوکسەمبۆرگ کۆدەبنەوە، رۆژەڤی سەرەکی وەزیرەکان بریتی دەبێت لە بەهێز کردنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەورووپا و پرسی مامەڵە کردن لەگەڵ کۆچبەران.