لە ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆدا رێگری لە نزیکەی 450 ملیۆن هێرشی ئەلیکترۆنی کراوە


پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان بۆسەر ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ 2020، بەراورد بە پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان بۆسەر ئۆڵۆمپیادی لەندەن 2012 و ئۆڵۆمپیادی زستانەی پیۆنگچانگ 2018، کەمتر بوون.

لە میانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ 2020دا، نزیکەی 450 ملیۆن پەلاماری ئەلیکترۆنی بۆسەر ماڵپەڕ و سیستمی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد رێگری لێکراوە.

لیژنەی رێکخستنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ 2020، دەربارەی پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان لە مانگەکانی تەمووز- ئەیلوولی 2021دا، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە 23ی تەمووزەوە کە ئۆڵۆمپیاد دەستی پێ کردووە تا پێنجی ئەیلوول کە کۆتایی هاتووە، نزیکەی 450 ملیۆن پەلاماری ئەلیکترۆنی بۆسەر ماڵپەڕ و سیستمی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی گیرابوونەبەر، تواندراوە رێگری لەم پەلامارانە بکرێت.

بەهەمان شێوە ناوەندی نیشتمانیی ژاپۆن بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە وێڕای پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان سیستمی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.

لە لایەکی دیکەشەوە ئاژانسی هەواڵیی "کیۆدۆ" لەسەر زاری کۆمپانیای "ترێند مایکرۆ" بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە پەلامارە ئەلیکترۆنییەکانی بۆسەر ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ 2020 بەراورد بە پەلامارە ئەلیکترۆنییەکانی ئۆڵۆمپیادی لەندەن2012و ئۆڵۆمپیادی زستانەی پیۆنگچانگ2018 کەمتر بوون، چونکە لە ئۆڵۆمپیادی 2012ی لەندەن نزیکەی 2،3 ملیار و لە ئۆڵۆمپیادی زستانەی پیۆنگچانگ 2018 نزیکەی 600 ملیۆن پەلاماری ئەلیکترۆنی بۆسەر سیسته‌می ئۆڵۆمپیاد ئەنجامدراون.