پاسپۆرتی وڵاتێكی عه‌ره‌بی یه‌كه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان

 

پاسپۆرتی وڵاتی ئیماڕات له‌ ڕووی به‌هێزی و توانای گه‌شتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌ر له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌مدا مایه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی (پاسپۆرت ئیندێكس) نوێترین ڕیزبه‌ندی پاسپۆرته‌كانی جیهانی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا پاسپۆرتی ئیماڕاتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ ڕیزی یه‌كه‌م دانا به‌هۆی توانای گه‌شتكردنی هاووڵاتییه‌كانی به‌ 152 وڵات كه‌ 98 وڵاتیان به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزایه‌ و 54 وڵاتیش ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ داواكاری پێشكه‌ش ده‌كرێ.

له‌ ڕیزبه‌ندی دووه‌میش پاسپۆرتی نیوزله‌ندی دێت كه‌ هاووڵاتییه‌كانی ده‌توانن به‌ 146 وڵات گه‌شت بكه‌ن، له‌ ڕیزی سێیه‌میش پاسپۆرتی 9 وڵات هه‌یه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ ئه‌ڵمانیا، فینله‌ندا، نه‌مسا، لۆكسه‌مبۆڕگ، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، سویسڕا، كۆریای باشوور و ئوستڕالیا.

هه‌روه‌ها له‌ ڕیزبه‌ندی چواره‌میش پاسپۆرتی 6 وڵات دیاریكراون بریتین له‌ سوێد، هۆڵه‌ندا، دانیماڕك، به‌لجیكا، پورتوگال و ئیرله‌ندا.

ڕیزبه‌ندی پێنجه‌م بریتین له‌ فڕه‌نسا، ماڵتا، چیك، یۆنان، پۆڵه‌ندا، هه‌نگاریا، به‌ریتانیا، كه‌نه‌دا و ئه‌مه‌ریكا كه‌ هاووڵاتییه‌كانی ده‌توانن بۆ 142 وڵات گه‌ش بكه‌ن به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزا.

جێی باسه‌ پاسپۆڕتی وڵاتی ئیماڕات له‌ ساڵی 2018وه‌ هه‌ر له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می پاسپۆرته‌كانی جیهان دێت به‌گوێره‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كانی ماڵپه‌ڕی پاسپۆرت ئیندێكس.