هه‌وڵده‌درێ نرخى ته‌به‌قه‌ى هێلكه‌ به‌ 6هه‌زار دینار جێگیربكرێ

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق له‌راگه‌یاندراوێكدا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌، كارده‌كات تا له‌هه‌موو بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كان نرخى هێلكه‌ بكاته‌ 6هه‌زار دینارى عێراقى.

حه‌مید نایف گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن گوتى "له‌ئێستادا به‌رهه‌مى ناوخۆیى بۆ هێلكه‌ كه‌میكردووه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌ت ده‌رگه‌ى هاورده‌كردنى بڕێكى دیاریكراوى له‌ده‌ره‌وه‌ كردۆته‌وه‌".
باسیشى له‌وه‌كرد مه‌به‌ست له‌هاورده‌كردنى هێلكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى ته‌به‌قه‌ى هێلكه‌یه‌ له‌بازاڕه‌كانى ناوخۆ، له‌پاش ئه‌وه‌ى "نرخه‌كه‌ى له‌ 7هه‌زار دینار زیاتر بوو بوو، بۆیه‌ وه‌زاره‌ت هه‌وڵده‌دات نرخه‌كه‌ى به‌ 6هه‌زار دینار جێگیربكا".

جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌ ده‌رگه‌ى هاورده‌كردن داده‌خرێ له‌و كاته‌ى نرخه‌كان سه‌قامگیرى به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كێڵگه‌كانى ناوخۆ توانیان پێداویستییه‌كانى بازاڕى ناوخۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.