كرملین هۆشداری ده‌داته‌ یوتوب

گوته‌بێژى حكوومه‌تی ڕووسیا (كرملین) ئه‌مڕۆ چوارشه‌م باسى له‌وه ‌كرد، ئه‌پى   (یوتوب) سانسۆرى دژ به ‌كه‌ناڵى RT  داناوه‌ و به‌ دووریشى نازانێت چه‌ند رێكارێك ئه‌م ئه‌په‌ بگرنه‌به‌ر تا ناچار بێت ملكه‌چى یاساكانى ڕووسیا بێ.

دیمترى پیسكۆف گوته‌بێژى كرملین له ‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختى ‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌پى (یوتوب)  هه‌ڵساوه‌ به ‌سڕینه‌وه‌ى هه‌ژمارى كه‌ناڵى RT.DE  كه‌ به‌زمانى ئه‌ڵمانى كه‌ناڵه‌كه‌یان په‌خش ده‌كات و هه‌ژمارى   Der Fehlende Partڕاگرتووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى بتوانرێ كه‌ناڵ و هه‌ژماره‌كان به‌ ده‌ست بێنێته‌وه‌.

پیسكۆف ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ ده‌زگایانه‌ لێبورده‌یى تێدا نییه‌، چونكه‌ یاساى پێشێل كردووه‌.

پێشتریش ده‌سته‌ى فیدڕاڵى ڕووسیا بۆ سانسۆر له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كانی كۆمپانیاى (گۆگل) داوای كردبوو كۆت و به‌نده‌كان له‌سه‌ر كه‌ناڵى RT له‌ یوتیوب لاببات، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدابوو ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كه‌ ئه‌و داوایه‌یانی‌ ڕه‌ت كرده‌وه‌ ئه‌وا به‌ پێى یاساى وڵاته‌كه‌یان 40 هه‌زار دۆلارى پێ ده‌بژێرن.

لاى خۆیه‌وه‌ حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا جه‌ختى له‌وه ‌كرده‌وه‌ كه‌ سڕینه‌وه‌ى هه‌ردوو كه‌ناڵى ڕووسى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به ‌ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌ڵمانییه‌وه‌ نییه‌.