پرۆگرامى نه‌ته‌وه‌یه‌گكرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان كاولكارى داعش ده‌سڕێته‌وه‌

پرۆگرامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به ‌دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، هه‌زاران خانووى له‌ نه‌ینه‌وا نۆژه‌نكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌هۆى كاولكارى داعشه‌وه‌ وێران كرابوون.

زینه‌ عه‌لى ئه‌حمه‌د نوێنه‌رى پرۆگرامى نه‌ته‌وه‌یه‌گكرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان له ‌گفتوگۆیه‌كى تایبه‌ت به‌ماڵپه‌ڕى (سپۆتنیك) ڕایگه‌یاندووه: شارى نه‌ینه‌وا له ‌دواى به‌غدا ڕێژه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى به‌رزه‌ و ئه‌و شاره‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌ڵبه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌كان.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كاتێك نه‌ینه‌وا له‌ داعش پاككرایه‌وه‌، له ‌ڕێگه‌ى پرۆگرامى نه‌ته‌وه‌یه‌گكرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان كه‌ له‌لایه‌ن 27 ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پشتگیرى دارایى ده‌كرێ، تواندرا دوو هه‌زار و 700 خانوو له‌ شارى مووسڵى كۆن نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له ‌ساڵى داهاتوو هه‌ر له ‌شاره‌ كۆنه‌كه‌ 800 خانوو نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ باس له‌وه ‌ده‌كات كه‌ پرۆگرامى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌و خانووانه‌ ده‌كات كه‌ زیانى به‌ركه‌وتووه‌، گوتیشى: له ‌ڕۆژئاوایى مووسڵدا تا ئێستا 53 هه‌زار خانوو زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و هه‌زاران خانووى دیكه‌ش به‌ ته‌واوی وێرانكراوه‌.

نوێنه‌رى پرۆگرامى نه‌ته‌وه‌یه‌گكرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان ڕاشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق توانرا ماوه‌ى مانه‌وه‌ى ڕێكخراوه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌ تا بتوانرێ كار له‌سه‌ر سه‌قامگیرى ته‌واو بكرێ، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و دانیشتووانانه‌ى ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌میانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه.

هاوكات ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو له‌ دوای ئازادكردنى شارى مووسڵ نزیكه‌ى 10 ملیۆن ته‌ن پاشماوه‌ هه‌بوو، به‌ڵام توانرا به‌هاوكارى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ پاشماوه‌كان لاببرێ و ده‌ست به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بكرێ.

7.jpg