هەڵبژاردنی ئەڵمانیا دەستیپێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی ئەیلوولی 2021 لە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەریدا هاووڵاتییانی ئەڵمانیا دەنگدەدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ و کەسێک بۆ شوێنگرەوەی ئەنگێلا مێركل.

دەنگدان لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانییەوە لە 830 هەزار شوێن دەستی پێکردووە و بڕیار وایە بەردەوام بێت تا کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا داوا لە خەڵک دەکات ڕێککارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و پابەندبن بە ڕێوشوێنە تەندروستییەکان، دەشڵێت، زۆر لە خەڵکی ئەڵمانیا ئەزموونیان هەیە بۆ دەنگدان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، بەڵام بۆ ئەم جارەیان چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەرزتر ببێتەوە بۆ %40 بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

بەپێی دوایین ڕاپرسی کە لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجامدراوە لەلایەن پەیمانگای ئالێنسباخ، پێشبینی کرا پارتی سۆسیال دیموکرات کە سکۆلز سەرۆکایەتی دەکات %26ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، هەروەها پێشبینی کرا پارتی ژینگە پارێزە سەوزەکان کە "باربۆک"یش سەرۆکایەتی دەکات %16ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و پارتی کریستییەکانیش کە پارتەکەی مێرکلە و کۆنفیسۆری لاسچیت سەرۆکایەتی دەکات، پێشبینی کراوە %25ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.

هەروەها ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن هیچ کام لە لایەنەکان دەنگی پێویست بەدەستناهێنن بۆ ئەوەی بتوانن بە تەنیا حکوومەت پێکبهێنن، بەڵکوو پێویستی بە دانووستانی چڕ هەیە لە نێوان هەر سێ لایەنەکە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی.

شایەنی باسە، لەساڵی 2005 ئەنگێلا مێرکل وەک یەکەم ئافرەت بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرا و دوای 16ساڵ مانەوە لە پۆستەکەیدا دەستبەرداربوونی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و بڕیاریدا چیتر خۆی کاندید نەکاتەوە، مێرکل خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری فیزیادا، هەروەها تاکە ئافرەتە کە تاوەکوو ئێستا دوو خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرابێت.

ئا. عەبدوڵڵا ئازاد