تاڵیبان بە یاسا ڕەوایەتی بە سزاکانی لە سێدارەدان و دەستبڕین دەدات

بەرپرسێکی تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت، سزاکانى لە سێدارەدان و دەستبڕین لە ئەفغانستان دەست پێدەکاتەوە.

مەلا نورەدین تورابی کە ئێستا بەرپرسی زینداکانە لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، سزاکانى لە سێدارەدان و دەستبڕین لە ئەفغانستان دەستپێدەکاتەوە، دەشڵێت، ئەم بڕیارانە پێویستن بۆ پاراستنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.

ئاماژە بەوەش دەکات ئێستا حکوومەت لە گفتووگۆدایە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، ڕەنگە ئەو سزایانە بە ئاشکرا جێبەجێ نەکرێت وەک ئەوەی لە ساڵی نەوەدەکان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا جێبەجێ دەکرا.

مەلا نورەدین تورابی گوتیشی "هیچ کەس پێمان ناڵێت دەبێت یاساکانمان چی بێت."

لەو کاتەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵێنی داوە نەرمتر مامەڵە بکات و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، بەڵام لە چەندین ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و جیهانییەکان ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری وڵات کراوە.