باڵیۆزی فەڕەنسا دەگەڕێتەوە واشنتۆن

دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، فەڕەنسا لە هەفتەی داهاتوودا باڵیۆزی خۆی بۆ واشنتۆن دەگەڕێنێتەوە.

نووسینگەی ماکڕۆن و کۆشکی سپی لە لێدوانێکی هاوبەشدا گوتیان کە ئیمانوێڵ ماکڕۆن ،سەرۆکی فەڕەنسا و جۆبایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و ڕێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆیه‌کی قووڵ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە، بڕیار وایە ماکڕۆن و بایدن لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم لە ئەوروپا کۆببنەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەوەی گفتوگۆی نێوانیان بە کراوەیی دەمێنێتەوە، هەروەها ڕاشیانگەیاند، دەیانتوانی سوود ببینن لە ڕاوێژکاری بەردەوامی هاوپەیمانان لەسەر کێشەکە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ستراتیژییەتی فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوڕ‌وپییەکانیان.

بایدن بەردەوامی و پابەندی خۆی دەربڕیووە لەو بارەیەوە، هەروەها نووسینگەی ماکڕۆنیش ئاماژەی بەوەکرد ئەمریکا بەڵێنی داوە زیاتر پشتگیریان بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە وڵاتانی ئەوڕوپا ڕابەرایەتی دەکەن لە ناوچەی ساحل لە ئەفریقا.

شایەنی باسە، ئیمانوێل ماکڕۆن ، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی کەشتی ژێر دەریایی فەڕەنسی، لەلایەن ئوستوڕالیاوە و کڕینی کەشتی ژێر دەریایی سووتەمەنی ناوەکی دروستکراوی ئەمریکا،باڵیۆزەکانی خۆی لە ئەمریکا بانگکردەوە و کێشە کەوتە نێوان ئەو وڵاتانە.