تەندروستی هەولێر: کارتی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانە بەردەستە کە هەردوو ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە

تاوەکو ئێستا 216 هەزار هاووڵاتی ڤاکسینیان وەرگرتووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی ئەیلوولی 2021، دکتۆر دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، جێگای خۆشبەختییە ڕێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کەمبووەتەوە بۆ ڕێژەی %7 - %8، هەروەها نەخۆشەکان لە چاودێری چڕیش کەمبوونەتەوە بەم پێیەش توانای ڕاگرتنی ئەو نەخۆشانەمان زیاترهەیە لە نەخۆشخانەکان کە پێویستیان بە ئۆکسجین و چاودێری چڕە.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر هۆکاری کەمبوونەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای گەڕاندەوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، کە تاوەکوو ئێستا 216 هەزار هاووڵاتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە لەوانە 98هەزار کەسیان هەردوو ژەمەکەی وەرگرتووە و 118 هەزار کەسیش تەنها ژەمی یەکەمی وەرگرتووە، گوتیشی چاوەڕێ دەکەین ڕێژەیەکی زیاتری هاووڵاتییان ڤاکسین وەربگرن.

گوتیشی، لەهەوڵی زیادکردنی بنکەکانی پێدانی ڤاکسینین، لەو ماوەیەشدا دوو بنکەی پێدانی ڤاکسینمان لە سەنتەری شاری هەولێر کە تایبەت بوو بە مامۆستایان، هەروەها بنکەیەکی دیکەش لە نێو زانکۆی سۆران کراوەتەوە کە ئەویشیان تایبەتە بە مامۆستایان.

د. دلۆڤان محەممەد داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن و ڤاکسین وەربگرن، دەشڵێت: تەنانەت ئەوانەی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە تووشی نەخۆشییەکە بوونە، کە بەشێک لە نەخۆشەکانمان لەوانە بوون ڤاکسینیان وەرگرتووە و دواتر تووشی کۆڕۆنای نوێ ببوون، بەڵام خۆشبەختانە باری تەندروستی ئەوان جێگیرتر بوو بەراورد بەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێستا کارتی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانە بەردەستە کە هەردوو ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە، لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی ئەو بنکانە بکەن کە ڤاکسینیان لێ وەرگرتووە، لە ماوەیەکی نزیکدا دەتوانن کارتی ڤاکسینەکانیان وەربگرنەوە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان باوەڕپێکراوە، ئەمەشیان بۆ کار ئاسانی زیاترە بۆ هاووڵاتییان.