باسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ره‌گه‌زپه‌رستى و كه‌شوهه‌وا و دابه‌شبوونه‌كان ده‌بن   

چاوه‌ڕوان ده‌كرێ باسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كانی چه‌ند ڕۆژی داهاتووی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕه‌گه‌زپه‌رستى و كه‌شوهه‌وا و دابه‌شبوونه‌كان بێ، ئه‌مه‌ ‌دواى ئه‌وه‌ى سكرتێری گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاندبوو "ئێمه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌ڕۆین".

 كۆبوونه‌وه‌ی 76مین خولی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دوێنێ سێشه‌م له‌ شاری نیۆیۆڕك ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد كه‌ به‌ به‌شداریی زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كه‌شى هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تاڕاده‌یه‌ك له ‌خه‌مۆكى و توڕه‌بوونى پێوه‌ دیار بووه‌، له‌وه‌ته‌ى په‌تاى كۆڕۆناش ته‌شه‌نه‌ى كردووه‌ بۆ جارى یه‌كه‌مه‌ ته‌نیا 20 سه‌ركرده‌ى جیهان ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كان بن.

شى جین بینگ سه‌رۆكى وڵاتی چین له‌ وتارێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: جیهان له‌ناو قۆناغێكى پشێوی و وه‌رچه‌رخانێكى نوێ دایه‌. هه‌روه‌ها سولى نینیستۆ سه‌رۆكى فیله‌نداش ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌ڕاستى له ‌وه‌رچه‌خانێكى ئاڵۆز داین. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كارلۆس فارادۆ كیسادا سه‌رۆكی كۆستاریكا داوای كرد خۆپڕچه‌ككردن كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و زیاتر وه‌به‌رهێنان له ‌ئاشتی جیهان بكه‌ن.

به‌پێى ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (ئه‌سۆشه‌یتد پرێس) ئه‌مه‌ریكی زۆرێك له‌ گوته‌بێژه‌كان وه‌ڵامى یه‌كتر ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ له ‌ده‌ستپێكى كۆبوونه‌وه‌كان نه‌توانن‌ بگه‌نه‌ ڕێكارێك بۆ چاره‌سه‌رێكی په‌تاى كۆڕۆنا كه‌ تا ئێستا 4.6 ملیۆن كه‌سی كوشتووه‌‌، هه‌روه‌ها جیهان شكستی هێناوه‌ له ‌چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى كه‌شوهه‌وا له ‌كاتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی جدی‌ له‌سه‌ر هه‌ساره‌ى زه‌وى هه‌یه‌، ئه‌مه‌و په‌تاى كۆڕۆنا و قه‌یرانى كه‌شوهه‌وا گرینگترین ئه‌و باسانه‌یه‌ سه‌رۆكه‌كان ده‌یخه‌نه‌ڕوو.

هاوكات له‌نێو ئه‌جنداى كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یادى بیسته‌م كۆنگره‌ ده‌كه‌ن كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ نه‌هێشتنى ڕگه‌زپه‌رستى و جیاكاری و ترس‌، زیاتریش هانى سه‌ركرده‌كان ده‌درێ به‌رده‌وامبن له‌ نه‌هێشتنى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و جیاكارى.