وه‌زیری نه‌وتی ئێران پۆستى نێردراوى تایبه‌تی بۆ كاروبارى عێراق داناوه‌

وه‌زیرى نوێى نه‌وتى ئێران نێردراوێكى تایبه‌تى بۆ كاروبارى عێراق دامه‌زراند، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێران له‌به‌رامبه‌ر ناردنى غاز داواى قه‌رزه‌كانى له‌ عێراق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ملیار دۆلاره‌.

به‌پێى (ئاژانسى شانا)، جه‌واد ئاوچى وه‌زیرى نه‌وتی ئێران، عه‌باس به‌هه‌شتى وه‌ك نێردراوی تایبه‌تی به‌  كاروبارى عێراق داناوه‌، كاره‌كه‌شى زیاتر خێراكردنى ڕه‌وتى داواكارییه‌كانه‌ سه‌باره‌ت به ‌ناردنى غاز‌ بۆ عێراق، له‌مڕووه‌وه‌ش‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندی و كۆمپانیاى نیشتمانى غازى عێراقى ده‌كات.

عێراق به ‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو پشت به‌ هاورده‌كردنى وزه‌ له‌ ئێران ده‌به‌ستێ، چه‌ند مانگێكیشه‌ ئێران داواى شایسته‌ داراییه‌كانى له ‌حكوومه‌تى عێراق ده‌كات له ‌بڕى ناردنى غاز‌ كه‌ بڕى قه‌رزه‌كانی له‌سه‌ر عێراق 5 ملیار دۆلارى ئه‌مریكییه‌.

جێی باسه‌ حه‌مید حسێنى ئه‌مینداریى گشتى یه‌كێتى ناردنى پترۆكیمیاوى پێشتر له‌ ‌تشرینى یه‌كه‌مى ساڵی 2020 باسى له‌وه‌ كردبوو كه‌ 60% ناردنى سووته‌مه‌نى ئێرانى بۆ عێراق ده‌نێردرێ.