عەرەبەكانی مووسڵ: سەرۆك بارزانی وه‌ك باوكێك وابووه‌ بۆ ئێمه‌ بۆیه‌ ده‌نگمان بۆ پارتی ده‌بێت

 ھاووڵاتیانی عەرەب لە ناوچە جیاجیاكانی مووسڵ باس لەوە دەكەن، كە سەرۆك بارزانی ھەمیشە وەكو باوكێك سەیری ئەوانی كردووە و لە رۆژانی تەنگانەدا بەھانایانەوە چووە، بەبێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان پێكھاتە و نەتەوەكاندا بكات. دەشڵێن: لە كاتی دەنگداندا، دەنگمان بۆ پارتی و كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.

حەسەن عیسا، كە دانیشتووی باشووری شاری مووسڵە و كاتی خۆی ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بووە، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند : ئێمە سەرۆك بارزانی بە باوكی خۆمان دەزانین، چونكە لە كاتی شەڕی داعش و لە تەنگانەدا باوەشی بۆ ئێمە كردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە لە پارێزگاریكردن لە عەرەبەكان و ئەمنیەتی بۆ ئێمە دابین كرد و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەشی بۆ ئێمە دەستەبەر كردووە، بۆیە ئێمەش لە كاتی دەنگداندا بێوەفا نابین و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەین.

محەمەد حەسەنی ھاووڵاتی، كە دانیشتووی لای چەپی مووسڵە،  به‌ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی راگه‌یاند: من لەبەر ئەوە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم، چونكە تاكە حیزبە كە گرنگی بە داواكاریی خەڵك دەدات و ھیچ جیاوازییەك ناكات ئاخۆ ئەمە كوردە یان عەرەبە یان ھەر نەتەوە و پێكھاتەیەكە، ئەو خزمەت دەكات، جگە لەوەش پارتی یەكەم حیزبە كاندیدەكانی كارێك ناكەن كاریگەریی خراپی بۆ حیزبەكەیان ھەبێت و زۆر پارێزگاری لە پێگە و سومعەی خۆیان دەكەن و زۆریش جددین لە بەدەستھێنانی مافی ھەمووان و بە كرداریش سەلماندوویانە، بۆیە ئەمە پێویست ناكات گفتوگۆی لەسەر بكرێت".

ھەر لەمبارەیەوە، ئەحمەد جومعەی ھاووڵاتی، كە دانیشتووی لای ڕاستی مووسڵە،  رایده‌گه‌ێنێت: سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین و رێز و خۆشەویستیمان بۆ سەركردە و باوكی ھەمووان (سەرۆك بارزانی) ھەیە، كە ھەمیشە لە خەمی ھەموو ھاووڵاتیاندا بووە لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، ئەمەش تایبەتمەندیی سەركردە بەھێزەكانە، چونكە ئەگەر ھەرێمی كوردستان نەبووایە، شوێنێك نەدەبوو ھانای بۆ ببەین، بۆیە ئێمە لە بازنەی پێنج، جگە لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگ بە ھیچ كاندیدێك نادەین، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا ھەر داواكارییەكمان ھەبووبێت، لە رێگەی پارتییەوە كردوومانە و ئێستاش كە ھەڵبژاردنە، ئێمەش ئەوەمان لەبیر ناچێت و دەنگ بە پارتی دەدەین.