تاڵیبان : ته‌نیا نێره‌كان بۆیان هه‌یه‌ بخوێنن

له‌سه‌ره‌تاى هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان له‌ئه‌فغانستاندا، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ چه‌ندین به‌ڵێنی  به‌خه‌ڵكى ئه‌فغانستاندا، جه‌ختیشیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌وان تاڵیبانى پێش بیست  ساڵ نین، به‌ڵام ئێستا له‌زۆرێك له‌به‌ڵێنه‌كانیان پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌.

به‌هۆى داواكارییه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان حكومه‌تى تاڵیبان دامه‌زرێندرا، جه‌ختیش له‌وه‌ كرایه‌وه‌  نابێ جیاكارى له‌نێو نه‌ته‌وه‌ و ئایندا بكرێ، هه‌روه‌ها ئافره‌تانیش له‌نێوه‌ندى كایه‌كانى ژیاندا بوونیان هه‌بێ، له‌مباره‌یه‌وه‌ش بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان چه‌ندین به‌ڵێنى به‌ئافره‌تاندا، به‌مه‌رجێك به‌پێى شه‌ریعه‌تى ئیسلام بێ، به‌ڵام تاڵیبان له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌یه‌وێ كات به‌ده‌ست بێنێ تا خۆیان له‌زۆرێك له‌بابه‌ته‌كان بدزێته‌وه‌  و دانپێانانى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ربگرێ، له‌مباره‌یه‌وه‌ روحه‌ڵا عومه‌ر شرۆڤه‌كارى سیاسى له‌ئه‌فغانستان باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ "بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان دابوو، تا كچان به‌رده‌وام بن له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكان، به‌ڵام زۆرى نه‌برد كۆتو به‌ندیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ دانا، وه‌ك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگه‌ ناده‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌ز تێكه‌ڵ به‌یه‌كترى بن و ئافره‌تان و كچان ده‌بێ به‌ته‌واوى خۆیان داپۆشن و نابێ په‌نجه‌كانیشیان دیار بێ، هاوكات ئه‌مرۆ بڕیاریاندا ته‌نیا "قوتابییان و مامۆستا نێره‌كان بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكان، به‌بێ رێگه‌ به‌ ئافره‌تان بدرێ".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ حكومه‌تى تاڵیبان به‌مه‌به‌ست وه‌زاره‌تى كاروبارى ئافره‌تانى لاداوه‌ و وه‌زاره‌ته‌كه‌شى گۆڕى به‌ وه‌زاره‌تى "الامر بالمعروف والنهی عن المنكر"، ئه‌مه‌ش ترسێكى زۆرى له‌لاى ئه‌فغانییه‌كان هێناوه‌ته‌ئاراوه‌، پێیانوایه‌ تاڵیبان هه‌مان كرده‌وه‌ى پێش بیست ساڵ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.
هنرییتا فۆر به‌ڕێوه‌به‌رى ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى له‌پاشكردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى قوتابخانه‌كان خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى، به‌ڵام جه‌ختیشى له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ "نابێ كچان له‌پرۆسه‌ى خوێندن دوور بخرێنه‌وه‌".
یۆنسێفیش له‌لاى خۆیه‌وه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا  به‌پێویستى ده‌زانێ "هه‌موو كچان و ئافره‌تان دووباره‌ بچنه‌وه‌ به‌رخوێندن، هه‌روه‌ها مامۆستایه‌ ئافره‌تاكانیش به‌رده‌وامبن له‌وانه‌ گوتنه‌وه‌".

Sky news