عێراق یاداشت له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیای سویدى و توركى واژوو ده‌كات

وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیاى (سیب)ى سویدى و (لیماك)ى توركى واژوو كرد بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى پاڵاوگه‌ى گه‌یاره.

حامید یوونس بریكارى وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ كاروبارى پاڵاوتن ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌تى نه‌وت مكوڕه‌ له ‌په‌ره‌پێدانى كه‌رتى پاڵاوگه‌كان تا به‌رهه‌م زیاتر بێت و كوالێتى به‌رز بێ، له‌ ڕوویه‌كى دیكه‌وه‌ كاره‌كان په‌یوه‌سته‌ به ‌دامه‌زراندنى پاڵاوگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ به ‌پێى پێویستى و چڕى دانیشتووان‌ تا پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كان پڕ بكرێته‌وه.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى پاڵاوگه‌ى باكوور ڕایگه‌یاند: یاداشتى له‌یه‌كگه‌یشتن له‌نێوان كۆمپانیا سیب و لیماك شێوه‌ی نه‌خشه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنانه‌ تا پاڵاوگه‌ى گه‌یاره‌ رۆژانه‌ 70 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م بهێنێ، ئه‌مه‌ش به‌ به‌كارهێنانى ته‌كنیكى پێشكه‌وتوو تا نه‌وتى قورس بكاته‌ به‌رهه‌مه‌ سپییه‌كان به‌پێى خه‌سڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كان (یۆرۆ5).

نوێنه‌رى كۆمپانیاى سیب جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دانوستاندنه‌كان زیاتر له‌ ساڵێكى خایاندووه‌ تا بگه‌ینه‌ داڕشتنێك بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌روه‌ها نوێنه‌رى كۆمپانیاى لیماك ئاماده‌كارى كۆمپانیایه‌كه‌ى خسته‌ڕوو بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى نه‌وتى قورس.