مه‌سرور بارزانی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی دوو وه‌زیری نوێی به‌ریتانیا ده‌كات

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌(تویته‌ر) په‌یامی پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی هه‌ردوو وه‌زیرانی نوێی ده‌ره‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ی به‌ریتانیا كرد به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆسته‌ نوێیه‌كانیان.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا بۆ نه‌دیم زه‌هاوی كه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورده‌ و پۆستی وه‌زیری نوێی به‌ریتانیای پێدراوه‌، نووسیویه‌تی " ئه‌مشەو بە تەلەفۆن پیرۆزباییم لە هاوڕێم کاک نەدیم زەهاوی کرد به‌ بۆنه‌ی دەستنیشانکردنی وەک وەزیری پەروەردەی به‌ریتانیا، ئێمە شانازی بە خزمەتەکانی ئەو وەک وەزیری ڤاکسین و پۆستەکانی دیکە دەکەین".

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ په‌یامی پیرۆزبایی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا نووسیویه‌تی "بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، پیرۆزبایی لە لیز تره‌س دەکەم. ئاواته‌خوازم لەم بوارانەی کە بەرژه‌وەندی هاوبەشمان هەیە، لە ناویشیاندا سەقامگیری ناوچەکە پێکەوە کار بکەین".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م نووسینگه‌ی بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا گۆڕانكاری گه‌وره‌ی له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی به‌ریتانیا ڕاگه‌یاند و له‌چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كانیشدا چه‌ند وه‌زیرێكی نوێی دامه‌زراند له‌نێویشیاندا نه‌دیم زه‌هاوی وه‌ك وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لیز تره‌س وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ دیاری كران.