پارێزگاری هه‌ولێر: ئومێده‌وارین ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران خزمه‌تی گه‌وره به ناوچه‌كه‌ بكات

       

پارێزگاری هه‌ولێر له‌ میانه‌ی سه‌ردانێكی بۆ لقی 10ی سۆرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئومێد ده‌كه‌ین ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران خزمه‌تى گه‌وره‌تر به‌ ناوچه‌كه‌ بكات كه‌ شایسته‌ى خزمه‌تكردنى باشتر و زیاترن.

ئەمڕۆ سێشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر له‌گه‌ڵ شاندێك سەردانی لقی 10ی سۆرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی كرد و لەلایەن عەبدولواحید ڕەواندزی بەرپرسی لق و کارگێڕ و ئەندامانی لق بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.

پارێزگاری هەولێر لە سەردانەکەیدا پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكى هه‌رچوار قه‌زای (سۆران، ڕه‌واندز، چۆمان، مێرگه‌سۆر) و به‌رپرسانى ده‌ڤه‌رى سۆران كرد به‌ بۆنه‌ى ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و باسی له‌ گرینگی دەڤەره‌كه‌ و مێژوو و قوربانیدانی ئەو سنوورە کرد.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ئومێد ده‌كه‌ین ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران خزمه‌تى گه‌وره‌تر به‌ ناوچه‌كه‌ بكات كه‌ شایسته‌ى خزمه‌تكردنى باشتر و زیاترن، چونكه‌ له ‌ڕابردوودا مێژووى ناوچه‌كه‌ خزمه‌تى گه‌وره‌ى پێشكه‌شى كوردستان كردووه‌ و قوربانى زۆری داوه.

پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لەوەشکردەوە وەک پارێزگای هەولێر به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پشتيوان و هاوكارى ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ده‌بن و هه‌روه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى ڕابردوودا له ‌سنوورى هه‌رچوار قه‌زاكه‌ى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌ گوژمه‌ى (13) ملیار دینار، 90 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارییان له‌م سنووره‌ جێبه‌جێ كردووه‌ كه‌ به‌شێك له‌و پڕۆژانه‌ له‌ ته‌واوبووندان و به‌شێكى تریشیان له‌ناو كاردان.

لای خۆشییه‌وه‌ بەرپرسی لقی 10ی سۆرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی پارێزگاری هەولێر كرد بۆ سەردانەکەی.