له‌ ڕواندز و وه‌رتێ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك به‌ردی بناغه‌یان بۆ دانرا

له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كانی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ سنووری شارۆچكه‌ی ڕواندز و ناحییه‌ی وه‌رتێ به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك دانرا.

گوژمه‌ی پڕۆژه‌كان ملیارێک و پێنج سەت ملیۆن دیناره‌ و ئه‌مڕۆ سێشه‌م به‌ردی بناغه‌یان بۆ دانرا كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگای هه‌ولێر و لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگا ئه‌نجام ده‌درێ.

پڕۆژه‌كان بریتین له‌: كۆنكرێتكردنى شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ شارۆچكه‌ی ڕواندز، له‌ سنوورى ناحییه‌ى وه‌رتێ پڕۆژه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و كۆنكرێتكردنى چه‌ند شه‌قامێكى لاوه‌كی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاى (په‌یكار) جێبه‌جێ ده‌كرێت و ماوه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه‌ش (240) ڕۆژه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر كه‌ به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و و به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌‌ دانرا، ڕایگه‌یاند: وێڕاى پیرۆزباییمان له‌ خه‌ڵكى شارۆچكه‌ی ڕواندز و ناحییه‌ى وه‌رتێ بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌م پڕۆژانه‌، جارێكى دیكه‌ ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ڕاسپارده‌كانى جه‌نابی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌و ئیماكانییه‌ته‌ى له‌ به‌رده‌ستماندایه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نین به ‌سه‌رجه‌م گوند و ناحییه‌ و قه‌زاكانى سنوورى پارێزگاكه‌مان.