له‌ گونده‌كانی سنووری گوێڕ 8 پڕۆی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كرێ

پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ گونده‌كانی سنووری ناحیه‌ی گوێڕ به‌ردی بناغه‌ی 8 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نوێیان به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 900 ملیۆن دینار دانا.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان به‌رپرسى لقى23ى قه‌ره‌چووغى پارتى و جێگرى پارێزگارى هه‌ولێر و جێگرى پارێزگارى نه‌ینه‌وا و په‌رله‌مانتاران و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى گوێڕ، له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان-وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان، له‌ ڕێوره‌سمێكدا به‌ردى بناغه‌ى 8 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریمان به‌ گوژمه‌ى (961,147,520,000) نۆسه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن و سه‌د و چل و حه‌وت ملیۆن و پێنج سه‌د و بیست هه‌زار دینار له‌ گونده‌كانى سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ دانا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: پڕۆژه‌كان ‌بریتین له‌ دروستكردنی قوتابخانه‌ی 6 پۆلی لە گوندی كەور، دروستكردنی قوتابخانەی 6 پۆلی لە گوندی شەمشووله، دروستكردنی یاریگای ته‌رجان، ته‌واوكردنی هۆڵی زاگه، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ته‌ندروستی سوفه‌یه، دروستكردنەوەی سەرلەنوێ قوتابخانەی سنوور له گوندی سوفه‌یه، تانكی و بیری ئاو له گوندی ته‌ڕاش، چاكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ڕێگای نوغه ران-چالوك.

ئومێد خۆشناو هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بۆ ئێمه‌ وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ و ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ پێى ده‌گوترێت ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم جێگه‌ى گرینگ و بایه‌خدارن، هه‌میشه‌ش جه‌نابى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئێمه‌ و وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاره‌كانى تر ڕاده‌سپێرێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و مه‌غدوورییه‌تى له‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵى ڕابردوودا له‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌، ببین به‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ركردنى و به ‌گه‌یاندنى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌و مه‌غدوورییه‌ته‌ نه‌هێڵین.

پارێزگای هه‌ولێر ڕاشیگه‌یاند: لێره‌وه‌ جارێكى تر هاووڵاتییانى ئه‌م سنووره‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر ئامانجمانه‌ له ‌ئاینده‌دا خزمه‌تگوزارى زیاتر و باشتر و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌تر پێشكه‌ش به‌و ناوچانه‌ بكه‌ین كه‌ شایسته‌ى خزمه‌تكردنى زۆر زیاترن.