له‌ ڕووباری گه‌لی عه‌لی به‌گ پیاوێك له‌ كاتی ڕزگاركردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی خنكا

به‌ریوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی سۆران له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: كاتژمێر 3:35 خوله‌كى دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی گه‌نجێك له‌ كاتی ڕزگاركردنی هاوژینه‌كه‌ی له‌ خنكان، خۆی خنكا.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌: گه‌نجه‌كه‌ ناوی " هه‌رێم محه‌مه‌د مه‌ولود"ه‌  ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌ و پیشه‌ی كاسبه‌ و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی قه‌ڵای نوێی شاری هه‌ولێره‌ و ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ مه‌به‌ستی گه‌شت و سه‌یران هاتبوونه‌ سه‌ر ڕوباری گه‌لی عه‌لی به‌گ.

به‌رگری شارستانی سۆران له‌سه‌ر زاری دلڤینی هاوسه‌ری هه‌رێم ڕایگه‌یاندووه‌: له‌ كاتێكدا هاوژینی " هه‌رێم" كه‌ ناوی " دلڤین كه‌مال ڕه‌سول" ه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ كه‌ناری ڕووباره‌كه‌، ده‌كه‌وێته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌ و هه‌رێمی هاوژینی بۆ ڕزگاركردنی گیانی دلڤین، ده‌چێته‌ ناو ڕووباره‌كه‌وه‌ و دلڤین له‌ خنكان ڕزگار ده‌كات، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ خۆی ناتوانێت له‌ ئاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و گیانی خۆی ڕزگار بكات و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌خنكێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ته‌رمی ناوبراو له‌ لایه‌ن هاووڵییه‌كه‌وه‌ له‌ ڕوباره‌كه‌ ده‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ لایه‌ن تیمه‌كانی ژێر ئاوی سه‌ر به‌ به‌ڕێوزه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی سۆران ده‌بردرێته‌ پزیشكی دادی سۆران.

به‌رگری شارستانی سۆران بڵاویشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا 12 هاووڵاتی له‌ ڕووباره‌كانی سنووری به‌رگری شارستانی سۆران خنكاون.