لیوا عەبدولخالق: 2 لیوای هاوبه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دەست بە مەشق ده‌کەن

دواتر لە ناوچە کوردستانییەکان دەست بەکار دەبن


 نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق رایگەیاند، رێککەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدادا کراوە و بڕیارە ئەم ھەفتەیە دوو لیوای ھاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، دەست بە مەشق و راھێنان بکەن و دواتر لە ناوچە کوردستانییەکان دەستبەکار دەبن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، ھەرێم و بەغدا لەبارەی دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و بڕیارە ئەم ھەفتەیە ​ھەردوو لیواکە دەست بە مەشق و راھێانان بکەن و دواتریش بەپێی پێویست بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا دابەش دەکرێن.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق ڕاشیده‌گه‌ێنێت، بۆ ئەو دوو لیوایەی دروست دەکرێن، کەسانی نوێ دانامەزرێن و لە ھێزەکانی ئێستا لە ھەردوو لا بۆ ئەو دوو لیوایە دیاری کراون، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیریی بۆ بگەڕێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، چوار ژووری ھاوبەشی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان دروست کران و، ئێستاش بڕیارە دوو لیوای ھاوبەشی دیکە بۆ ئەو ناوچانە دروست بکرێن، کە ئەمەریکا خۆی سەرپەرشتیی ئەو دوو لیوایە دەکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات.