سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی نێوده‌وڵه‌تی له‌ په‌راوێزی خولی یاریيه‌كانی ئۆڵۆمپیادا سه‌ردانی پیشانگای هونه‌ری ئۆڵۆمپی كرد


 
تۆماس باخی ئه‌ڵمانی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی نێوده‌وڵه‌تی له‌ په‌راوێزی خولی یاریه‌كانی ئۆڵۆمپیادی هاوینه‌ی تۆكیۆ، سه‌ردانی پیشانگای هونه‌ری ئۆڵۆمپی كرد كه‌ له‌ سه‌نته‌ری نیهۆنباشی له‌ تۆكیۆی پایته‌ختی ژاپۆن كراوه‌ته‌وه‌و چه‌ندین په‌یكه‌رو شاكاری هونه‌ری تایبه‌ت به‌ یاریه‌ وه‌رزشیه‌كانی ئۆڵۆمپیاد تیایدا نمایشكراوه.
 له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌دا، تۆماس باخ له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نووسان گوتی، ‌ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م خوله‌كانی ئۆڵۆمپی كۆكردنه‌وه‌ی وه‌رزشوانانی ته‌واوی وڵاتانی جیهانه‌ له‌ یه‌ك پاڵه‌وانێتی كه‌ ئاسایش و ئارامی تێیدا به‌رقه‌رار بێت.
 باخ ئاشكراشی كرد كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا خه‌ڵكی وڵاتانی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ یه‌كتر جیاكرده‌وه‌ ئه‌مساڵ توانیان جارێكی دیكه‌ مرۆڤه‌كان به‌یه‌كتر ئاشنا بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یامێكی گه‌وره‌ی ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆیه‌ بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده.
 جێگای باسه‌ چه‌ندین شاكاری هونه‌رمه‌ندانی ژاپۆن و وڵاتانی دیكه‌ی جیهان له‌ پیشانگای هونه‌ری ئۆڵۆمپی ‌تۆكیۆ نمایشكراوه‌و كاره‌ هونه‌ریه‌كانیش گوزارشت له‌ گرنگی یاریه‌كانی ئۆڵۆمپی له‌ یه‌كخستن و نزیك كردنه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان ده‌كه‌ن .