كارۆخ هاشم : له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان داخوازی له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانم هه‌یه‌

هونه‌ری كارده‌ستی ، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رانه‌ی كه‌ ده‌تواندرێت ، كاری سه‌رنج راكێش و كللتوری نه‌ته‌وه‌كان له‌رێگه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌وه‌ نمایش بكرێت  له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌وه‌ كلتووری نه‌ته‌وه‌كان به‌یه‌كتری ئاشنا به‌كرێن ،زۆر جاریش ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ وه‌كو بازرگانی كاری پێوه‌ كراوه‌ .

 ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ پێویستی به‌سه‌لیقه‌یه‌كی باشی هونه‌ری ده‌بێت، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م كاره‌ هونه‌رییه‌ ده‌كه‌ن به‌رێز (كارۆخ هاشم سعید)-ه‌ دانیشتووی قه‌زای رواندزه‌ وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی له‌نزیكه‌وه‌ به‌سه‌رمان كردۆته‌وه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵ دا ئه‌نجام دا:

4

 *پێمان باشه‌ سه‌ره‌تا باس له‌ چۆنییه‌تی ئاشنا بوونت به‌ هونه‌ری كاری ده‌ستی بكه‌یت.

-سه‌ره‌تا ئاشنا بوونم به‌ هونه‌ری كاری ده‌ستی بۆ سه‌رده‌می منداڵیم ده‌گه‌رێته‌وه‌،  كاتێ له‌ قوڕ شێوه‌ی جۆراوجۆرم دروست ده‌كرد، به‌م شێوه‌ش له‌رێگه‌ی كاری به‌رده‌وام و ئه‌زموون ، په‌ره‌م به‌تواناكانی خۆم دا تا ئه‌و ئاسته‌ی  توانیم شاره‌زایه‌كی باش له‌ هه‌موو جۆره‌كانی كاری ده‌ستی په‌یدا بێت ، بگه‌مه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا.

* كێن ئه‌وانه‌ی هاوكارو پاڵپشت بوون ، ئایا هیچ خوولی هونه‌ریت بینیوه‌؟

-سه‌ره‌تا هاوكاری و پاڵپشتم  دایك و باوكم زۆر هاوكارو پاڵپشتم بوون ، به‌جۆرێك هانی زۆریان دام بۆ ئه‌وه‌ی ،له‌سه‌ر كاره‌كه‌م به‌رده‌وام بم،  ئێستاش ماڵه‌وه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی خێزانه‌كه‌م ،كه‌ئه‌ویش ئاره‌زووی هونه‌ری كاری ده‌ستی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵم فێری ئه‌م هونه‌ره‌ بووه‌ هاوكارێكی باشی كردووم  ، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ شاره‌كه‌مان خوولی هونه‌ری بۆ هونه‌ری كاری ده‌ستی نه‌كراوه‌ته‌وه‌،بۆشم نه‌گونجاوه‌ له‌ ده‌روه‌وه‌ی شار به‌شداری خوول بكه‌م ، بۆیه‌ به‌شداری هیچ خوولێكی هونه‌ریم نه‌كردوه‌.

1

*ئه‌و كه‌رستانه‌ی له‌ كاره‌كانت به‌ كاردنیت له‌ چی پێك هاتوون؟

- ئه‌و كه‌رسته‌و ئامێرانه‌ی به‌ كاری ده‌هێنم ، جۆراوجۆرن ، به‌ڵام به‌گشتی كه‌ره‌سته‌كان پێك هاتوون له‌ دار و ته‌خته‌+سوف+گونیه‌و په‌ت و داوی موو +مۆری و یاقوت وه‌كۆمه‌ڵێ ده‌رمانی تر  له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ماده‌ی وه‌ك و غه‌ڕه‌ وارنیش واتا ڕه‌ونه‌ق و چه‌سپ.

* به‌شداری پیشانگه‌ی تایبه‌ت ، یان هاوبه‌ش به‌ كاره‌كانت كردوه‌؟

- ئه‌وه‌ی راستی بێت ، خۆمان بۆ پیشانگه‌ی تایبه‌تی ئاماده‌كردبوو ، هه‌موو ماده‌كانیش ئاماده‌ بوون ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی  نه‌خۆشی ڤیارۆسی كۆرۆنا پیشانگایه‌كه‌ دواكه‌وت ، هیوادارم به‌زووترین كات ئه‌م نه‌خۆشه‌ نه‌گریسه‌ كۆتایی بێت ، ده‌رفه‌ت هه‌بێت ئه‌م چالاكییه‌ ئه‌نجام بده‌ین.

2

* له‌ رووبای بازرگانییه‌وه‌ سوودت له‌ كاره‌كه‌ت  بینیوه‌ ؟

- پێم وایه‌ كارێكی ئاسییه‌ ، بتوانم له‌رێگه‌ی كاری هونه‌ری ده‌ستی، بتوانم داهات بۆخۆم كۆبكه‌مه‌وه‌ كاره‌كانم سوپاس بۆ خودا له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان داخوازی له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانم هه‌یه‌،بۆیه‌ سوود و قازانجم له‌ كاره‌كه‌م بینیوه‌.

* پێشوازی هاوڵاتیان له‌ كاره‌كانت چۆن ده‌بینی؟

- به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ دوكان و یان شوێنێكی دیاركروام نییه‌ بۆ نمایش كردنی كاره‌كانم نیه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌كۆمه‌ڵاتییه‌كانه‌وه‌ وه‌كو  فه‌یسبوك و انستا گرام.. كاره‌ هونه‌رییه‌كانم نمایش ده‌كه‌م ، ته‌نیا له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ، هاوڵاتیان   كاره‌كانم ده‌بینن.

3

* بۆ ئه‌نجام دانی كارێك چه‌ند كاتت پێویسته‌؟

- كاته‌كان به‌پێی شێوه‌وفۆرم و جۆری كاره‌كه‌ ده‌بێت، هه‌ندێ بابه‌ت هه‌یه‌ كاتی زۆر ناوێ ،به‌ڵام هه‌ندێ بابه‌ت هه‌یه‌ كات ماوه‌ی زۆری ده‌وێت  ، به‌ تایبه‌تی كاری ده‌ستی كه‌له‌ دار بێت .

* پێتان باشه‌ چی بكرێت ، بۆ پێشڤه‌چوونی هونه‌ری كاری ده‌ستی؟

- به‌ بۆچوونی خۆم، ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری ده‌ستی ده‌كه‌ن پێویسته‌ له‌لایه‌ن  هه‌ردوو كه‌رتی حكومی و تایبه‌ت ، گرنگیه‌كی زۆریان پێ بدرێت وپاڵپشتی بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له‌ كاره‌كانیان و به‌رهه‌مه‌كانیان پێشكه‌وتووتر بێت ،ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی  كردنه‌وه‌ی پێشانگا و دابین كردنی كه‌رسته‌و شوێن بۆ نمایش كردنی كاره‌كانیان.

هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس