هونه‌رمه‌ندی مه‌نه‌لۆج بێژ ( حه‌سه‌ن دڵسۆز) كۆچی دوایی كرد


 دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 28-7-2021 هونه‌رمه‌ند (حه‌سن دڵسۆز) ،دوور له‌چاوی میدیاكانه‌وه‌ له‌سه‌رته‌خته‌ی یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی شاری به‌غدا  كۆچی دوایكرد.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ڕێی ڕادیۆیی كوردی به‌غداو ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی و میلۆدییه‌ جوان و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانیه‌وه‌ میوانی ماڵه‌كانمان بوو . ڕۆژگارێك بوو ، ئازارو ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی كوردی خستۆته‌ ڕوو له‌باره‌ی ژیانی ( كرێنشینی ) و هه‌روه‌ها باس له‌سیماو جۆری پۆشاكی گه‌نجانی سه‌رده‌می خۆی خستۆته‌ ڕوو ، له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند ( ناسر حه‌سه‌ن) كلیپی گۆرانی ( كرانشینی) مان بینی و هه‌ركاتێك ئه‌و گۆرانییه‌ په‌خش ده‌كرا ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست كرێ نشینیه‌وه‌ ده‌یان ناڵاند ،چیرۆكێكی تاڵ و هه‌مووان خۆیان تێدا ده‌بینییه‌وه‌، 
حه‌سه‌ن ئه‌لاوه‌خش ، ناسراو به‌حه‌سه‌ن دڵسۆز  ،،، له‌ساڵی (1943) له‌شاری خانه‌قین  چاوی به‌تاڵ و سوێریی و شیرینیه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه‌ ، ئاستی خوێندنی ، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی پێنجه‌می زانستی یه‌، 
له‌ساڵی ( 1964) بۆیه‌كه‌مجار چۆته‌ ڕادیۆی كوردی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ڕادیۆ وه‌ كه‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردان یه‌كێ:ك بووه‌ له‌ئه‌ندامه‌كانی لیژنه‌ ، ده‌نگی تاقیكراوه‌ته‌وه‌، ده‌نگی په‌سه‌ندكراوه‌ و له‌ڕادیۆ وه‌رگیراوه‌ تابه‌رهه‌مه‌كانی تۆماربكرێت ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز  ،، كه‌سێكی شاره‌زا له‌  هونه‌ر و دنیای مه‌قامات و به‌سته‌ی كوردی  ، ئاواز دانه‌ر و هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی له‌تێكستی خۆی بووه‌ ، كه‌سێكی دڵسۆ زو  نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌ ، له‌سه‌ر كاری سیاسه‌ت  چه‌ندین جار له‌لاین ڕژێمی به‌عسه‌وه‌  به‌ درێژایی ته‌مه‌نی دوچاری گرتن و راونان و ئه‌شكه‌نجه‌ وزیندانی بۆته‌وه‌، 
(بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ ساڵی (1970)  ڕه‌وانه‌ی (قه‌سری نهایه‌) كراوه‌ و دووه‌مین جار له‌ ساڵی (1978)  ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌كانی خانه‌قین و باقوبه‌ كراوه‌ و دوایین جاریش له‌ساڵی (1995)  له‌ ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا، ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌و و ملكه‌چ نه‌بوونی بۆ ئه‌و رژێمه‌ ترسناكه‌، دڵسۆزی به‌هێزتر كرد، به‌ڵام كاربه‌دستانی رژێم رێگه‌یان نه‌دا به‌م هونه‌رمه‌نده‌ ته‌نانه‌ت سه‌ردانی زێده‌كه‌ی خۆشی بكاته‌وه‌)(*)
به‌رهه‌مه‌كانی ... 
1/ چۆن پێنه‌كه‌نم به‌وجۆره‌ گه‌نجه‌  ، له‌ئاوازو هۆنراوه‌ی خۆی ، ساڵی (1969) تۆماری كردووه‌ .
2/ ئای كه‌وی گیانم كه‌وی 
3/ ئه‌ی هاوسێكه‌ی به‌رپه‌نجه‌ره‌ 
4/ به‌رده‌ به‌رده‌
5/ ئاواتی دڵ  
6/ كرانشینی   ، له‌تێكستی خۆیی و ئاوازه‌  هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( عه‌لی مه‌ردان) 
هونه‌رمه‌ند جیا له‌به‌هره‌ی هونه‌ری گۆرانیبێژی  ،  هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگینیشه‌ له‌دروست كردنی ئامێره‌كانی مۆسیقا ، به‌تایبه‌ت  ئامێره‌ ژێداره‌كانی وه‌ك ( عود و بوزوق).
 به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی  كاریگه‌رییه‌كانی نه‌خۆشییه‌وه‌، له‌ (28ی ته‌مووز)، له‌ ته‌مه‌نی (78) ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد.

ئا- كامران