لە رۆژانی جەژنی قورباندا زیاتر لە 127 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە میانی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، زیاتر لە 127 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگاکەیان کردووە.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی رۆژانی جەژنی قورباندا، 127 ھەزار و 432 گەشتیار سەردانی پارێزگای ھەولێریان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر چەندین لێژنەی تایبەت پێکھێنراوە بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕووی گەشتیاران.

لە راگەیەندراوەکەدا ناوی ئەو لیژنانە خراوەتەڕوو کە لە رۆژانی جەژندا چاودێری و بەداواداچوونیان بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەڕووی گەشتیاراندا کردووە لەوانە؛ لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە پێداویستی گەشتیاران لە بازگەکان و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆیان، هەروەها دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لێژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی ھەر رووداوێک یان گیروگرفتێک.

هەروەها لیژنەیەک بۆ دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزاری پێویست لەبازگەکان بۆ گەشتیاران وەک پێدانی رێنمایی گەشتیاری و تەندروستی پێکهێنراوە و لە رێگەی لیژنەیەکی دیکەی تایبەتەوە چاودێری نرخ لە شوێن و بنکە گەشتیارییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێردا کراوە و بەدواداچوون بۆ کردنەوەی رێستۆرانت و چێشتخانەکان لە رۆژانی جەژن بۆ خزمەتی گەشتیاران کراوە.