شاندی حکومەتی هەرێم لە دوایین گەڕی چارەنووسسازی دایەلۆگی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق ئامادە دەبێت

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین گەڕی چارەنووسسازی دایەلۆگی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق ئامادە دەبێت، فوزی هه‌ریری سه‌رۆكی شاندی هه‌رێم رایگه‌یاند: دوایین گەڕی دایەلۆگی ستراتیژی، چارەنووسسازە بۆ ئایندەی عێراق.

واشنگتۆن دی سی، ویلایەتە یەكگرتووەکان (us.gov.krd)، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان  وەك بەشێک لە شاندی عێراقی بەشدارییان لە چوارەمین گەڕی دایەلۆگی ستراتیجیی ئەمریکا و عێراق کرد کە لە واشنگتۆن ئەنجام دەدرێت.

فوزی هه‌ریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشدار بوو لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا،  ئانتۆنی بلینکن.

بەڕێز فوزی هه‌ریری، کە سەرکردایەتیی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات، رایگه‌یاند: دوایین گەڕی دایەلۆگی ستراتیژی، چارەنووسسازە بۆ ئایندەی عێراق. لە ڕێی پێکەوە کارکردن، دەتوانین رێگە بگرین لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزم.

دایەلۆگی ستراتیژی ئەمریکی عێراقی، ساڵی پار دەستی پێکرد لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ، و لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆك جۆو بایدینیش بەردەوام بووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو گەڕەکاندا ئامادە بووە، و بەشدار بووە لە تاوتوێیەکانی قووڵکردنەوە و بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکان.

رۆژی پێنجشەممە عەمید ڕوكن هەژار ئیسماعیل، لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بەشدار بوو لە ئاخاوتنەکانی بواری ئاسایش لە پێنتاگۆن، کە مارا کارلن یاریدەدەری وەزیری بەرگری سەرکردایەتیی دەکرد، و بۆ ماوەیەكی کەمیش وەزیری بەرگری لۆید جەی ئوستن بە خۆیشی بەشدار بوو. هەردوو لایەن جەختیان کردەوە لە بایەخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بواری ئاسایش، و پابەندێتیی هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی دژی داعش، و پێداویستبوونی پشتگیریی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە هێزەکانی ئاسایشی عێراق، لەناویشیدا هێزی پێشمەرگە. هەروەها باسی شەراکەت و هاوکاریی ئاسایشی نێوان ئەمریکا و عێراق و بوارەکانی هاوکاریی، تاوتوێ کران.

گروپەکانی تری کار لە دایەلۆگە ستراتیژییەکە، رۆژی هەینی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە. بەڕێزان كاک فوزی حریری، و کاک ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، و کاک لاوک ئەحمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆكی هەرێمی کوردستان، و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەكگرتووەکان خاتوو بەیان سامی عبدالرحمن، بەشدارییان لە تاوتوێیەکان کرد و باسی چەند بابەتێکیان کرد وەك کاروباری سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و  بابەتەکانی سیاسی و مافەکانی، هەڵبژاردنەکان لە عێراق، تەندروستی، وزە، کەش، و خوێندنی باڵا.

هەروەها باسی هاوکاریی ئەمریکایان کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە، ئەمریكا بری 155 ملیۆن دۆلار وەك هاوکاریی تری مرۆیی پێشکەش دەکات.

ئەگەرچی ئەمە دوایین گەڕی دایەلۆگی ستراتیژی بوو، بەڵام گروپەکانی کار بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و لە جێبەجێکردنی هەنگاوی جۆراوجۆری ئەو بابەتانەی تاوتوێ کران.